كاردانەوەكان لەسەر تۆمارە دەنگییەكەی زەریف بەردەوامن

زەریف: شاردنەوەی راستییەكان ناپاكییە
محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران
محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران

K24 – ھەولێر:

كاردانەوەكان لەسەر بڵاوبوونەوەی تۆماری دەنگی محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران بەردەوامن. لەناوخۆی ئێرانیش زۆرترین قسەی لەسەر كراوە. محەمەد باقر قالیباف، سەرۆكی ئه‌نجوومه‌نی شورای كۆماری ئیسلامی ئێران گوتی: ئەو تێڕوانینەی زەریف دژی بەرژەوەندی نیشتمانییە. داواشیكرد ئەوانەی ھۆگری وڵاتانی رۆژئاوان ریسوا بكرێن. بەڵام حەسەن رۆحانی سەرۆكی كۆماری ئیسلامی ئێران ھێرشی كردە سەر ئەو كەس و لایەنانەی تۆمارە دەنگییەكەیان بڵاوكردووەتەوە.

حەسەن رۆحانی، سەرۆك كۆماری ئێران: "ئەو تۆمارە دەنگییە رێك لە كاتێكدایە، كە لەڤییەننا سەركەوتنی گەورەمان ھەبووە، دەیانەوێت لەناوخۆ ناكۆكی درووستبكەن، بەم شێوەیە ئێمە چۆن سەردەكەوین".

لەچەند رۆژی رابردوودا تۆمارێکی دەنگی وەزیری دەرەوەی ئێران بڵاوكرایەوە، كە باسی لە جیاوازی تێڕوانینی خۆی لەگەڵ قاسم سولەیمانی فەرماندەی پێشووی سوپای قودس كردووە. ھاوكات باس لەھەوڵی رووسیا و ھەندێك لایەنی ناوخۆیی ئێران بۆ تێكدانی رێكەوتنی ئەتۆمی دەكات و زۆر بابەتی دیكەشی باسكردووە، كە بەشێك لە سوپای پاسداران و پارێزگارانی تووڕە كردووە، بەڵام رۆژی چوارشەممە، زەریف لە پۆستێكی ئینستاگرامدا بەرگری لەخۆی كردووە و گوتی: "شاردنەوەی راستییەكان ناپاكییە"، بەگوتەی زەریف ئەو قسانەی بۆ ئەوە بووە حكومەتەكانی داھاتوو كەڵك لەو بۆچوونانە وەربگرن، نەك بڵاویبكەنەوە.

ئەگەرچی سەرۆكی كۆماری ئیسلامی ئێران داوا كردووه‌، ئەو كەس و لایەنەی ئەو تۆمارەیان بڵاوكردووەتەوە بدۆزرێنەوە و بەتووندی سزا بدرێن، بەڵام ئەو تۆمارە كاریگەری لەسەر داھاتووی محەمەد جەواد زەریف داناوە، ھەندێك دەڵێن وەكو داشێكی سووتاوی لێھاتووە و ھەندێكیش پێیانوایە ركێفی لایەنگرەكانی خۆی پێ بەرزكردووەتەوە.