مەکگۆرک: بەناوی سەرۆک بایدنەوە پشتیوانی بەهێزی ئەمەریکا بۆ خەڵک و حکومەتی هەرێمی کوردستان دووپات دەکەمەوە

مەكگۆرك: بەناوی سەرۆک بایدن و ئیدارەکەیەوە شانازی دەکەم کە دۆست و هاوپەیمانی ئێوەین
برێت مەکگۆرک هەماهەنگکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەراست و باکووری ئەفریقا
برێت مەکگۆرک هەماهەنگکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەراست و باکووری ئەفریقا

K24 – ھەولێر:

برێت مەکگۆرک هەماهەنگکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا رایگەیاند: بەناوی سەرۆک بایدنەوە پشتیوانی بەهێزی ئەمەریکا بۆ خەڵک و حکومەتی هەرێمی کوردستان دووپات دەکەمەوە. لە وتارێکدا لە ئیڤێنتی تایبەت بە یادی 30 ساڵەی درووستکردنی ناوچەی ئارام بۆ کوردستان مەکگۆرک گوتی: ناوچەی ئارام سەلماندی ئەگەر مرۆڤایەتی بکرێتە سەرمەشقی سیاسەتی دەرەوە زۆر کاری باش دەتوانین بکەین و ئیدارەی سەرۆک بایدنیش هەمان سیاسەتی هەیە.

برێت مەکگۆرک گوتی: "زۆر شەرەفمەندم ئەمڕۆ لێرە لەگەڵتانم، ئێوەی کورد ئێستا لە ئیدارەی بایدن دۆستی زۆرتان هەیە، لەرێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە زۆر قسەمان کردووە و هیوادارم دوای کۆتایهاتنی کۆڤید19 بتوانین رووبەڕوو پێکەوە دابنیشین".

گوتیشی: "بەدڵنیاییەوە بەناوی سەرۆک بایدنەوە، کە دۆستێکی نزیک کورد و ئەزمونێکی زۆری لەگەڵ کورد هەیە، دەمەوێت بەناوی سەرۆک بایدنەوە پشتوانی بەهێزی ئەمەریکا بۆ خەڵک و حکومەتی هەرێمی کوردستان دووپات بکەمەوە. رێز لەو قارەمانانەش بنێین کە ناوچەی ئارامیان بۆ هەرێمی کوردستان درووستکرد".

مەکگۆرک جەختیكردەوە، "ناوچەی ئارام سەلماندی، کە ئەگەر ئێمە مرۆڤایەتی بکەینە سەرمەشقی کارەکانمان لە سیاسەتی دەرەوە؛ ئه‌وا ده‌توانین چەندین کاری باش بکەین لەم ئیدارەیەشدا ئەو سیاسەتە جێبەجێدەکرێت".

روونیشیكردەوە، "کورد ئازاری زۆری چەشتووە تاگەیشتووەتە ئەوەی ئێستا پەناگەی ئارامی ھەبێت. ئازایەتی ئێوە (كورد) لە دۆخە سەختەکاندا هەمووکات جێگای شانازی و پێزانین بووە. دوای 30 ساڵ ئێستا هەرێمی کوردستان ناوچەیەکی ئارامە و جێگەی شانازییە. بەناوی سەرۆک بایدن و ئیدارەکەیەوە شانازی دەکەم کە دۆست و هاوپەیمانی ئێوەین و زۆر چاوم لەوەیە لەنزیکەوە یەک بە یەکتان ببینم".