کۆمپانیای فایزەر یەکەم دەرمانی دژە کۆرۆنا دروست دەکات

کاریگەری زۆری لە جەنگی دژ بە کۆرۆنا دەبێت
بارەگای کۆمپانیای فایزەر لە ئەمەریکا
بارەگای کۆمپانیای فایزەر لە ئەمەریکا

K24- هەولێر:

کۆمپانیای فایزەری ئەمەریکی تایبەت بە دەرمان، ساڵی داهاتوو حەبی تایبەت بە چارەسەرکردنی پەتای کۆرۆنا دەخاتە بازاڕەکانی جیهانەوە.

ئەلبێرت بۆرلا، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە بە کەناڵی سی ئێن بی سی راگەیاند: ''لە سەرەتای دەرکەوتنی نیشانەکان، ئەگەر ئەو حەبە بەکاربێت، نەخۆشەکە دۆخی تەندروستی تێکناچێت بەجۆرێک کە ناچار بێت بچێتە نەخۆشخانە''.

حەبەکە بەرهەمهێنانی ئەو ئەنزیمانە لە لەشی مرۆڤ رادەگرێت کە پێویستن بۆ زیاد بوونی ڤایرۆسەکە لە ناو خانەکان، بەمەش رێگری لە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا دەکات بەناو لەشی مرۆڤدا.

تاوەکو ئێستا جیا لە ڤاکسین، کە فایزەر بە سەرکەوتوویی بەرهەمیهێناوە، دەرمانی تایبەت بە چارەسەرکردنی کۆرۆنا نییە، ئەو دەرمانە گەر مۆڵەتی تەندروستی وەربگرێت، دەبێتە یەکەم دەرمانی چارەسەرکردنی کۆرۆنا لە جیهاندا و مەترسییەکانی کۆرۆنا کەم دەکاتەوە.

جیا لەوە، کۆمپانیای فایزەر لە هەوڵی ئەوەدایە، مۆڵەتی ئەوە وەربگرێت کە ڤاکسینەکەیان بۆ منداڵانیش بەکاربێت، بۆ ئەوەش کۆمپانیاکە گەشبینە.