ناوەڕۆکی نوێترین کۆبوونەوەی خوان لاپۆرتا و باوکی مێسی لەبارەی نوێکردنەوەی گرێبەستی مێسی ئاشکرابوو

خوان لاپۆرتا و لیۆنێل مێسی
خوان لاپۆرتا و لیۆنێل مێسی

خوان لاپۆرتا و باوکی مێسی لەبارەی نوێکردنەوەی گرێبەستی مێسی نەگەیشتوونەتە هیچ ئەنجامێک و هەردوولا لەبارەی داهاتووی لیۆ بۆچوونی خۆیان بە یەکتری راگەیاندووە.

کەناڵی 3ی کەتەلۆنی ئاشکرایکردووە، هەفتەی رابردوو خۆرخێ مێسی باوکی مێسی لەگەڵ خوان لاپۆرتا سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا کۆبوونەتەوە و هەردوولا باسی چارەنووسی لیۆیان کردووە، خوان لاپۆرتا هیچ ئۆفەرێکی بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی مێسی پێشکەش نەکردووە، بە باوکی لیۆی راگەیاندووە پێویستە تاکو ناوەڕاستی مانگی داهاتوو چاوەڕێ بکەن بۆ ئەوەی راپۆرتی دارایی یانەکەیان ئامادە بێت تاکو بزانن دۆخی دارایی یانەکەیان چۆنە.

کەناڵە کەتەلۆنییەکە ئاشکرایکردووە، مێسی دەیەوێت بۆ ماوەی 10 ساڵ گرێبەستەکەی لەگەڵ بارسێلۆنا نوێبکاتەوە، بۆ ماوەی دوو ساڵی دیکە لە ریزی بلاوگرانا یاریی بکات، ئینجا دوای مۆندیالی 2022 پەیوەندیی بە یانەی ئینتەر میامی ئەمریکییەوە بکات کە لەلایەن دەڤید بێکهامەوە سەرۆکایەتی دەکرێت، لیۆ دەیەوێت دوای وازهێنانی لە یاریکردن بگەڕێتەوە بارسێلۆنا و لە دەستەی کارگێڕی یانەکە کار بکات و ببێتە باڵیۆزی یانەکەش.

باوکی مێسی بە سەرۆکی یانەی بارسێلۆنای راگەیاندووە، پڕۆژەی داهاتووی یانەکە لەلای مێسی لە مووچەکەی و پارە گرنگترە بۆیە مێسی ئامادەیە لە وەرزی داهاتووەوە لەپێناوی یانەکەی نیوەی مووچەکەی کەم بکرێتەوە بەو مەرجەی بارسێلۆنا بتوانێت ئەستێرەیەکی گەورە بگوازێتەوە ریزەکانی کە لەوانەیە ئێرلینگ هالاند بێت کە خوان لاپۆرتا زۆر پێی سەرسامە.