بانکی خوێنی هەڵەبجە رەتیدەکاتەوە خوێنیان فرۆشتبێت

"لەبەر ئەوەی بانکی خوێنی هەڵەبجە تازەیە رسوومات وەرناگرن، چونكە ڕێنمایی تایبەت بە وەرگرتنیان بەدەست نەگەیشتووە"
بەخشینی خوێن
بەخشینی خوێن

K24 – ھەولێر:

بانکی خوێنی هەڵەبجە ره‌تیده‌كاته‌وه‌ به‌ پاره‌ خوێنیان فرۆشتبێت. جه‌ختیش ده‌كاته‌وه‌، تا ئێستا هیچ بڕە پارەیەک لەبەرامبەر پێدانی خوێن بە نەخۆش وەرنەگیراوە، ئەگەر چی بەپێی رسووماتی حکومی لەبەرامبەر هەر خزمەتگوازییەکی تەندرووستیدا بڕێک پارە بە شێوەی پسوولە وەردەگیرێت.

له‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كدا بانكی خوێنی هه‌ڵه‌بجه‌ تۆمه‌ته‌كانی دكتۆرێكی به‌ ناوی "باخان" ره‌تكردەوە‌ و رایگه‌یاند، "لە بانکی خوێنەکانی دیكەی کوردستان لەبەرامبەر پێدانی یەک یەکەی خوێن بە نەخۆش بڕی 2.500 دینار بۆ نەخۆشخانە حکومیەکان و بڕی 16.000 دینار بۆ نەخۆشخانە ئەهلیەکان وەردەگیرێت".

ھەروەھا ھاتووە: "لەبەر ئەوەی بانکی خوێنی هەڵەبجە تازەیە و پێشتر نەبووە و  تا ئێستا رێنمایی تایبەت بە وەرگرتی ئەو رسووماتەمان بەدەست نەگەیشتووە و وەرگرتنی هەر پارەیەک لە دامەزراوە تەندرووستییەکاندا دەبێت پاڵپشت بێت بە نووسراوی تەندرووستی لەسەر بنەمای رێنمایی و بڕیاری وەزارەتی تەندرووستی دەتوانرێت پارە وەربگیرێت".

بانکی خوێنی هەڵەبجە جەختیكردەوە،‌ "تەواوی خوێنبەخشانی شارەکە دڵنیا دەکەینەوە خوێنی بەخشراوی ئێوە بە ئەمانەتەوە دەگەیەنرێتە کەسوکارە نەخۆشەکانی خۆتان".

لەم ڤیدیۆیەدا بەڕێوەبەری بانكی خوێنی ھەڵەبجە، ناسح عەبدولرەحیم زانیاری زیاتر دەخاتەڕوو: