زیاتر لە 13 ملیۆن کەس بێکارن لە ناوچەی یۆرۆ

بەپێی داتا سەرەتاییەکان کە ئەمڕۆ هەینی بڵاوبووەتەوە، ئابووری ناوچەی یۆرۆ پاشەکشەی کردووە سەڕەرای ئەوەش نرخی وزە و رێژەی هەڵاوسانیش لەو ناوچەیە بەرزبووەتەوە.
بێكاری ته‌نگی به‌ ئه‌وروپا هه‌ڵچنیوه‌
بێكاری ته‌نگی به‌ ئه‌وروپا هه‌ڵچنیوه‌

K24 – هه‌ولێر:

بەپێی داتا سەرەتاییەکان کە ئەمڕۆ هەینی بڵاوبووەتەوە، ئابووری ناوچەی یۆرۆ پاشەکشەی کردووە سەڕەرای ئەوەش نرخی وزە و رێژەی هەڵاوسانیش لەو ناوچەیە بەرزبووەتەوە.

نوسینگەی ئاماری یەکێتی ئەوروپا کە یۆرۆستات ناسراوە ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند، کۆی گشتی بەرهەمی ناوخۆی ناوچەی یۆرۆ لە 19 وڵات کە مامەڵە بە دراوی یۆرۆ دەکەن بە رێژەی سەدا 0.6 گرژبووە لەسەر بنەمای وەرزی و لەسەر بنەمای ساڵانەش رێژەی دابەزینەکە سەدا 1.8 دەبێت.

شارەزایانی ئابووری پێشبینیان کردبوو رێژەی گرژبوونی ئابووری ناوچەی یۆرۆ لەسەر ئاستی وەرزی سەدا 0.8 بێت و لەسەر ئاستی ساڵانش سەدا 2 بێت.

هۆکاری سەرەکی ئەو پاشەکشێیەی ئابووری ناوچەی یۆرۆ دەگەڕێتەوە بۆ گرژبوونی ئابووری ئەڵمانیا کە بە گەورە ئابووری ئەوروپا ناسراوە و  ئەمڕۆ داتاکانی بڵاوکردەوە و رێژەی گرژبوونی ئابووری لەو وڵاتە سەدا 1.7 بوو هەروەها ئابووری فەرەنساش بە رێژەی 0.4 لەسەدا گرژبوونی تۆمارکرد.

لەلایەکی دیکەوە بەپێی خەمڵاندنەکانی یۆرستات خەرجی بەکاربردن لە ناوچەی یۆرۆ بەرێژەی 0.6 لەسەدا بەرزبووەتەوە لەسەر بنەمای مانگای نیسان هۆکاری سەرەکی ئەمەس بەرزبوونەوەی نرخی وزەیە کە بەرێژەی 10.3 لەسەدا بەرزبووەتەوە لەسەر بنەمای ساڵانە.

بەپێی داتاکانی یۆرۆستات رێژەی بێکاری لە ناوچەی یۆرۆ لە مانگی ئادار دابەزیووە بۆ 8.1 لە سەدا یاخود 13.166 ملیۆن هێزی کار بێکارن لە کاتێکدا لە مانگی شوبات رێژەی بێکاری سەدا 8.2 بوو کە هاوتایە بەرامبەر بە 13.375 ملیۆن هێزی کار.