تورکیا.. داھاتی گەشتیاری سەدا (40) کەمیکردووە

K24 – ههولێر:
دەستەی ئاماری تورکیا لە بەیاننامەیەکدا، داهاتی گەشتیاری بۆ چارەگی یەکەمی ئەمساڵ ئاشکراکردووە و بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردووش داهاتی گەشتیاری (40.2%) کەمبووەتەوە.
بەپێی بەیاننامەکە داهاتی گەشتیاری لە چارەگی یەکەمی ئەمساڵ سەرەڕای ئهوهی (2) ملیار و (452) ملیۆن دۆلار بووە، لەو بڕەش گەشتیارانی بیانی کە بهمهبهستی گەشت هاتوون بۆ تورکیا (68.8%)ی ئەو داهاتەی پێکهێناوە، هەروەها (31.2)ی داهاتەکەش لەلایەن ئەو گەشتیارانەوە بووە، کە مۆلەتی مانەوەیان لە تورکیا هەیە.
هەر بەپێی داتاکانی دەستەی ئاماری تورکیا، لە (3) مانگی یەکەمی ئەمساڵ (2) ملیۆن و (600) هەزار و (468) گەشتیار سەردانی تورکیایان کردووە، ئەمەش بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو (53.9%) کەمیکردووە.
هاوکات خەرجی مامناوەندی ئەو گەشتیارانەی کە مۆڵەتی مانەوەیان هەیە لە تورکیا بە (44)دۆلار خەمڵێندراوە، ئەو گەشتیارانەی کە مۆڵەتی مانەوەیان نییە لە تورکیا تێکڕای خەرجی مامناوەندیان بە (64) دۆلار خەمڵێندراوە.
کەمبوونەوەی ژمارەی گەشتیاران و داهاتی گەشتیاری بۆ ئەو رێوشوێنە توندانە دەگەڕێتەوە، کە وەزارەتی ناوخۆی تورکیا لە ماوەی چەند مانگی رابردوو گرتوویەتییە بەر بەمەبەستی پاراستنی هاووڵاتیانی تورکیا لە پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا.
م.هـ