داوا دەکرێت دادگاکان رۆڵی سەربەخۆ بگێڕن

شارەزایانی یاسایی: پێویستە دەسەڵاتی دادوەری سەربەخۆ بێت
دادگای سلێمانی
دادگای سلێمانی

K24- هه‌ولێر:

شارەزایانی بواری یاسا و دەستور بە پێویست و گرنگی دەزانن کە دادگاکان و دەسەڵاتی دادوەری لە ھەرێمی کوردستان سەربەخۆ بن و ھیچ کەسێک، جا لە ژێر ھەر ناوێکدا بێت دەست وەرنەداتە کاروباری دادگاکان، مامۆستایەکی زانکۆ روونیكرده‌وه‌، بۆ ئەوەی رێگری لەمە بکرێت؛ پێویستە دەسەڵاتی دادوەری سەربەخۆ بێت.

سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ دەستبەکاربوونی کابینەی نۆی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ھێڵە گشتییەکانی بەرنامەی کاری حکومەتەکەی راگەیاند و جەختی لەوە کردەوە، کە پێویستە یاسا لە ھەرێمی کوردستان سەروەر بێت، چونکە سەروەری یاسا پایەیەکی سەرەکییە لە سیستەم و دەسەڵاتی سیاسی و یاساییدا، بە بڕوای شارەزیان بۆ ئەوەی رێگری بکرێت لەوەی ھیچ کەسێک نەتوانێت دەستوەردان لە کاروباری دادگاکان بکات؛ پێویستە دەسەڵاتی دادوەری دەسەڵاتێکی سەربەخۆ بێت.

د. شۆڕش حەسەن، مامۆستای زانکۆ و پسپۆڕی دەستوور گوتی: "بۆ سه‌ربه‌خۆبوونی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری، پێویسته‌ له‌ رووی ئیداری و دارایی و پسپۆڕییه‌وه‌ دادگاكان سه‌ربه‌خۆ بن، هیچ لایه‌نێكی دیكه‌ بۆی نه‌بێت ده‌ستوه‌ردان له‌ كاره‌كانیان بكات".

بە بڕوای چۆمان محه‌مه‌د، رێکخەری ژووری یاسایی بزوتنەوەی گۆڕان ھەندێک کات دەستوەردانی کۆمەڵایەتی لە کاری دادگاکاندا دەبینرێت، کە پێویستە رێگری لێبکرێت و حزبەکانیش خۆیان لەکاری دادگاکان بە دووربگرن.

سەروەری یاسا یەکێکە لە بنەما سەرەکییەکانی دیموکراسی لە وڵاتدا، چونکە ئەوە یاسایە کە دەتوانێت مافەکانی ھەمووان وەکو یەک بەبێ جیاوازی بپارێزێت، بەڵام بۆ ئەوەی دادگاکان بتوانن مافی ھەمووان وەکو یەک بپارێزن، بە گرنگ دەزانرێت کەسانێك کە لە دەرەوەی دامەزراوە گشتییەکان پێگەیەکان ھەیە دەست لە کاروباری دادگاکان وەرنەدەن.

د.ی