پێكدادان لە ناوچەی سنووریی نێوان قیرغیزستان و تاجیكستان روویدا
K24 – ھەولێر:
بەپێی رۆژنامەی نیویۆرك تایمز، دوای ئەوەی دوێنی پێنجشەممە، شەڕ لە نێوان قیرغیزستان و تاجیكستان ھەڵگیرسا، لە پێناو كۆنترۆڵكردنی كەناڵێكی ئاودان و رێگای گەیشتن بە ناوچەی فورورخ، كە ناوچەیەكی تاجیكییە لە نێو قیرغیزستان، ناسەقامگیری لە ئاسیای ناوەڕاستدا دروستبوو، ئەمە لە كاتێكدایە ئهمهریكا خۆی بۆ كشانەوە لە ئەفغانستان ئامادە دەكات.
شەڕە تەقە لە سنووری ناوچەی شاخاوییە دوورەپەرێزەكانی باشووری قیرغیزستان بەردەوام ھەیە، بەڵام بەپێی بەرپرسانی قیرغیزستان، ئەم جارەیان شەڕەكە گەیشتە پێكدادان و ھێزەكانی پاراستنی سنوور و ھێزە ئەمنییەكانی تاجیكی بەچەكی بچووك و گوللـەتۆپ بۆردومانیان كردن.
دەسەڵاتدارانی قیرغیزستان رایانگەیاند، به فڕۆكە و ھێلیكۆپتەر ھێرشیان كردووەتە سەر چەند پێگەیەك، وێنەكان ئهوه دهخهنهڕوو، كه خاڵێكی سنووری قیرغیزستان ئاگری گرتووە.
وەزارەتی تەندرووستی قیرغیزستانیش لە راگەیاندراوێكدا ئاماژهی بهوه كرد، ژمارەی زیانه مرۆییهكان لە قیرغیزستان گەیشتە 134 كەس، لە نێوانیاندا 13 كوژراو ھەن، ئاماژەی بهوهش كرد، دوو لە برینداران حاڵەتیان مەترسیدارە.
حكومهتی قیرغیزستان، ئەمڕۆ ههینی رایگەیاند، (11) ههزار و (500) كەسیان راگوازتووەتەوە بە ھۆی پێكدادانەكانی سەر سنوور لەگەڵ تاجیكستان، كە ئەم جارە خراپترین ناكۆكی و گرژییه لە نێوان ئەو دوو دەوڵەتەی دەكەونە ئاسیای ناوەڕاست، كه ململانێ لەسەر پانتاییەكی بەرفراونی خاك دەكەن.
ئاماژه بهوه كراوه، دانیشتوانی دوو ناوچەی باتكین، كە شەڕی توندیان بەخۆیەوە بینی، دەربەدەر و ئاوارەبوونە. روونیشیكردەوە، ئەو دانیشتوانانە "بۆ شوێنێكی ئامادەكراوە گواستراونەوە یان چوونەتە لای خزمەكانیان".
ھەر دوو وڵات، گەیشتنە رێككەوتنێكی ئاگربەست و پێكدادان لە نێوان ھێزەكانیان وەستا. لە راگەیاندنی ئاگربەست، وەزارەتی ناوخۆی قیرغیزستان گوتی: "ھیچ پلانێكیان بۆ سەر خاكی بیانی نییە و لهگهڵ ئهوهش ھیچ پلانێكیش نییە، بۆ ئەوەی خاكەكەی خۆیان لەگەڵ ھیچ كەس دابەش بكەن".
جگە لە ململانێ لەسەر ئاو، حكومەتی تاجیكستان رایگهیاند، رێرەوێك ھەیە بۆ گەیشتن بەو ناوچەیەی ململانێ لەسەرە لەلایەن حكومەتی قیرغیزستانەوە داگیركراوه، شەڕەكە لەسەر ئەو رێگایە و بەنداوێكە كە كۆنترۆڵی ئاوی كشتوكاڵی دەكات.
ھەرچەندە ناوچەكە دوورە لە سنووری ئەفغانستان و رێگا سەرەكییەكانی دەرچوون لە ئەفغانستان، بەڵام ئەو كارە توندتیژییانه لەكاتێكی ھەستیاردایه و بۆ ئهمهریكا.
رۆژنامە نیویۆرك تایمز ئاماژەی بهوه كرد، لە قۆناغەكانی یەكەمی شەڕی ئەفغانستان، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، دوو بنكەی لە ئاسیای ناوەڕاست كردەوە بۆ گواستنەوە ھێزەكانی بۆ ئەفغانستان، ههموو شتێكیان لە سووتەمەنییەوە تا دەگاتە خۆراك، بە ڕێگا وشكاییەكانی ناوچەكە گواستەوە.
روونیشیكردەوە، ئەمڕۆ ئاسیای ناوەڕاست جێگیرەوەی پاكستانە وەك رێگای وشكایی بۆ گواستنەوەی كەلوپەلەكان لە ئەفغانستانەوە، دوای ئەوەی ئیدارە بایدن بەڵێنی دا لە 11ی ئەیلوولی داھاتوو تەواوی ھێزەكانی لەو وڵاتە بكشێنێتەوە.