کەرکووک .. لایەنە کوردییەکان بەجیا بەشداری هەڵبژاردن دەکەن

هۆشداری لە فەوتانی دەنگی کورد لە کەرکووک دەدرێت
قه‌ڵای كه‌ركووك
قه‌ڵای كه‌ركووك

K24- هه‌ولێر:

سبەی کۆتا وادەییە بۆ پێشکەشکردنی هاوپەیمانی سیاسی و ناوی کاندیدەکان بە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن، تا وەکو ئێستا ئەوەی یەکلایی بووەتەوە لایەنە کوردییەکان لە کەرکووك بە لیستی جیاواز بەشداری لە هەڵبژاردن دەکەن، کە بڕیارە لە مانگی ئۆکتوبەری ئەمساڵ هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت.

داواکاری "مامۆستا پشتیوان ئیبراهیم"، کە لەناوه‌ڕاستی بازاڕی شۆریجە کاردەکات، ئەوەییە کە کورد لە کەرکوک، یەک دەست و یەکگرتوو بێت لە هەڵبژاردن.

بەڵام حزبە سیاسییەکان بڕیاری خۆیان داوە و هەریەکە و بەجیا لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق بەشداردەبن، کە بڕیارە شەش مانگی دیکە ئەنجام بدرێت.

رەسوڵ رەئوف، بەرپرسی مەڵبەندی کەرکووکی حزبی سۆسیالیست گوتی: "هه‌رچه‌نده‌ حزبه‌كان كۆبوونه‌وه‌یان له‌ باره‌ی هه‌ڵبژاردن و یه‌ك لیستی كردووه‌، به‌ڵام به‌پێی زانیارییه‌كان حزبه‌كانی به‌ سه‌ربه‌خۆ لیسیتی كاندیده‌كانیان پێشكه‌ش به‌ كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنی كردبوو، كه‌واته‌ شتێك نامێنێته‌وه‌ به‌ناوی یه‌ك لیسیتی بۆ هه‌ڵبژاردن و هاوپه‌یمانی درووستكردن".

ترس لەوە هەیە ئەگەر کورد بە پەرتەوازەیی بەشداری لەهەڵبژاردن بکات، بەشێکی زۆری دەنگەکانی دەفەوتێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی کەرکوک ئێستا لە ژێر حوکمێکی سەربازییە، رەنگە لە سایەی دۆخێکی وادا هیچ لایەنێک لەئەنجامی هەڵبژاردنەکە ڕازی نەبێت.

د.ی