لیژنەی پەروەردەی پەرلەمان ئەو بابەتانە ئاشکرا دەکات کە بۆ تاقیکردنەوەی قوتابخانەکان داخل دەبن

باس لە میکانیزمی کردنەوەی قوتابخانەکان و تاقیکردنەوەکان دەکات

K24- هەولێر:

عەبدولسەلام دۆڵەمەری، سەرۆکی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی کوردستان لەبارەی کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە راگەیەندراوەکە هاتووە: ''دەرگای ناوەندەکانی خوێندن لە ئێستادا بەداخراوی دەمێننەوە تاوەکو پاش جەژنی رەمەزانی پیرۆز''.

ئاماژەی بەوەشکردووە: ''بەڵام دوای جەژن هەڵسەنگاندنی رەوشی تەندروستی و راددەی كاریگەریی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەکرێنەوە بە میکانیزمی نوێ و جێ بەجێ کردنی ڕێکاری توندی تەندروستی''.

عەبدولسەلام دۆڵەمەری لە راگەیەندراوەکە ئاشکرایکردووە: ''وەزارەتی پەروەردەش لە ڕێگەی لیژنەیەکی تایبەت و پسپۆڕ،  پرۆگرامی هەردوو وەرزی خوێندن بۆ قوتابیان و خوێندکاران پوخت دەکاتەوە و تەنها ئەو بابەتانە داخڵ دەبن بۆ تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵی خوێندن کە پێش مانگی تەمموز ئەنجام دەدرێن بۆ قۆناغی( 1ی بنەرەتی تا11)ـی ئامادەیی، ھاوشێوەی پۆلی 12ی ئامادەیی''.