وردەکاری تێکشکاندنی پەلامارەکەی داعش بۆ سەر هێزەکانی پێشمەرگە

پيشمەرگە بەم شێوەیە پەلامارەکەی داعشی تێکشکاند
نوری حەمە عەلی، بەرپرسی میحوەری كەركووك- پردێ
نوری حەمە عەلی، بەرپرسی میحوەری كەركووك- پردێ

K24- هەولێر:

نوری حەمە عەلی، بەرپرسی میحوەری كەركووك - پردێ بە کوردستان24ـی راگەیاند، هێزەکانی پێشمەرگە لە ماوەیەکی کەم پەلامارەکەی داعشیان تێکشکاندووە و کۆنترۆڵی تەواو کراوە.

لەبارەی هۆکاری هێرشەکە گوتی: ''چەکدارانی داعش سوودیان لە بۆشایی ئەمنی نێوان پیشمەرگە و سوپای عێراق بینیوە کە درێژەییەکی پێنج کیلۆمەترە لەو ناوچەیە''.

ئاماژەی بەوەشکرد: ''دوای کاتژمێر 12، داعش پەلامارەکە ئەنجامداوە و لە دوای 40 خولەک، هێرشەکە تێکشکێنراوە و هێزەکانی پێشمەرگە دوای چەکدارە هەڵاتووەکان کەوتوون''.

لەبارەی پڕکردنەوەی بۆشاییە ئەمنییەکەش، نوری حەمە عەلی گوتی: ''سەنگەرمان لەم ناوچانە هەیە، بەڵام حکومەتی عێراق رێگای نەداوە لەو شوێنانە پێشمەرگە جێگیر ببن، بۆیە بەرپرسیارەتی لە ئەستۆی ئەوانە''.

لەبارەی وردەکاری شەڕەکەش رایگەیاند: ''لە دوو لاوە، لە بەرزاییەکانی زورگەزراو هێرشکراوەتە سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگەی لیوا 10 و تەنها لە یەک سەنگەر زیانی گیانیمان هەبووە''.

ئەوەشی خستەڕوو، لە هێرشەکە سێ پێشمەرگە شەهید بوون و دوانی دیکەش بریندارن.

پێشتریش دژە تیرۆری کوردستان راگەیەندراوێکی لەبارەی پەلامارەکە بڵاوکردبۆوە و تێیدا ئاماژەی بەوەکردبوو، چەکدارانی گرووپی تیرۆریستیی داعش لە بەرزاییەکانی نزیک گوندی پڕکان لە سنووری میحوەری پێنجی هێزەکانی پێشمەرگە هێرشیان کردە سەر سەنگەرەکانی لیوای 10ی هێزی پێشمەرگە، هێزەکانی پێشمەرگە لێیان هاتنە دەست و توانییان هێرشی تیرۆریستان تێکبشکێنن و لە ئێستادا بارودۆخەکە لەژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی پێشمەرگەدایە.