کۆرۆنای هیندی بووەتە مەترسی لەسەر بازاڕی نەوت

كۆرۆنای هیندستان كاریگه‌ریی خستووه‌ته‌ سه‌ر نرخی نه‌وت
كۆرۆنای هیندستان كاریگه‌ریی خستووه‌ته‌ سه‌ر نرخی نه‌وت

K24 - هه‌ولێر:

لە دوایین دانیشتنەکانی بازاڕە داراییەکان لە کۆتایی هەفتەی رابردوو نرخی نەوت بە رێژەی سەدا 2 بەهاکەی لەدەستدا و زیادبوونی ژمارەی تووشبووانیش بە کۆرۆنا لە هیندستان مەترسی لەسەر کەمبوونەوەی خواست لەسەر نەوت دروستکردووە.

لەلایەکی دیکەوە بڵاوبوونەوەی داتا ئابوورییەکانی ژاپۆن کە ئاماژە بە کەمبوونەوەی ئاستی داهاتی ئەو وڵاتە دەدات نیگەرانییەکانی لەسەر بازاڕی نەوت زیاترکردووە و شارەزایانیش پێیان وایە ئەو پێشهاتانە ئاماژەن بۆ کەمبوونەوەی خواست لەسەر نەوت.

لە دوایین مامەڵەکانی بازاڕە داراییەکان یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت بە رێژەی سەدا 2.04 دابەزی و لە ئاستەکانی 66 دۆلار و 66 سەنت مامەڵەی پێوەکرا، هاوکات نەوتی خاوی تێکساسیش بە رێژەی سەدا 2.53 دابەزیووە و یەک بەرمیل لە ئاستەکانی 63 دۆلار و 48 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

ئەم دابەزینە لە کاتێکدایە کە هیندستان سێیەم گەورە بەکاربەری نەوتە لە جیهان و تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەو رادە بەرزە کاریگەری نەرێنی زۆری لەسەر چالاکییە ئابوورییەکانی ئەو وڵاتە دروستکردووە.

م. ھ