قوتابییەکی کورد لە پێشبڕکێی زمانی رووسی پلەی یەکەمی بەدەستهێنا
K24 - مۆسکۆ
ساڵانە ئۆڵۆمپیادی نێودەوڵەتی زمانی رووسی بەشێوەی ئەلیکترۆنی بۆ هاووڵاتیانی بیانی وڵاتەکە بەڕێوە دەچێت و کتێبخانەی سەرۆکی پێشووی رووسیا، باریس یلسن، لەسەر سێ ئاست هەڵدەستێت بە ئەنجامدانی پێشبڕکێکە، خوازیاران لە تەواوی رووسیاوە دەتوانن بەشداری تێدا بکەن و مەرجی بەشداربوون ئەوەیە خوازیار تەمەنی لەسەروی 14 ساڵەوە بێت.
رێنوار خەلیل، لاوێکی کوردە و قوتابی قۆناغی سێیەمی کۆلیژی پزیشکییە لە شاری یارۆسڵاڤلی رووسیا، بۆ ئەمساڵ بەشداری پێشبڕکێکە بووە و توانیویەتی سەرجەم هەنگاوەکان ببڕێت و لە ریزی پێشەوەی لیستی براوەکان خۆی ببینێتەوە و لەسەر ئاستی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پلەی یەکەم بەدەستبهێنێت و لەسەر ئاستی قوتابیانی وڵاتانی سۆڤیەتی پێشووش لە ریزبەندییەکە پلەی چوارەمی گرتووە.
رێنوار خەلیل، خەڵکی رانیەی باشووری کوردستانە و یەکێکە لەو خوێندکارانەی لەپاڵ خوێندنی پزیشکی، حەزێکی زۆری بۆ زمانی رووسی هەیە و ئاستی زمانەکەی بەرادەیەکی باش بەرەو پێش بردووە.
رێنوار لە لێدوانێکی تایبەت بۆ کوردستان24 رایگەیاند: "دوای بەشداریکردنم لە ئۆڵۆمپیادی زمانی رووسی، کە لەلایەن کتێبخانەی سەرۆکی پێشوی روسیا (باریس یلسن) بە سێ قۆناغ رێکخرابوو، قۆناغی یەکەم : تاقیکردنەوەیەک کە دەبێت کەسی ئارەزوومەند بەشداری بکات تا داخڵی ئۆڵمپیادەکە ببێت. قۆناغی دووەم: بەهەمان شێوە کەسی سەرکەوتوو، تاقیکردنەوە بکات بۆ قۆناغی سێیەم سەرکەوێت".
رێنوار گوتی: "قۆناغی سێیەم و قورسترین قۆناغ بوو، چونکە بەشێوەی راستەوخۆ و گفتوگۆ تاقیکردنەوەکە ئەنجامدرا و ئاستەکانی А1، А2، В1 هەبوو، بەرزترین ئاست В1 بوو، من لەم ئاستە تاقیکردنەوەم کرد، لە ساڵی 2020 دەستمان پێکرد و لە مانگی 3ی 2021 کۆتای پێهات، بەڵام چەند رۆژێک لەمەوبەر ئەنجامەکان راگەیەنران".
رێنوار، ئاماژەی بەوەشکرد "توانیم لەسەر ئاستی وڵاتانی یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو پلەی 4 و لە نێو قوتابیانی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش بە نمرەی 58 توانیم پلەی یەکەم بەدەست بێنم، کە خاڵەکان بەمشێوەیە:..
1- ئەنەستەسیا ئەلێگەفنا ( کازاخستان) نمرە 61
2- ئەمیر خان(کیرگیزستان) 61
3- جۆرجینا ئەدێمی (کیرگیزستان) 60
4- پەلینا یوریفنا (کازاخستان 59
5- رێنوار خەلیل عەلی (عێراق) 58
6- ئەنەستەسیا فیۆدەرەفنا(ئۆکرانیا) 57.