كۆڵۆنێڵ دەیڤد ولیەمز: هێشتا داعش هەڕەشەیەکی جیدییە لە هەرێمی کوردستان و عێراق

"پێویستە هەرچی زووە هەماهەنگی لەنێوان ‌هێزەکانی کوردستان و عێراق لە ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان دروست بکرێت"
كۆڵۆنێڵ دەیڤد ولیەمز، فەرماندەی سەنتەری هەماهەنگیی ھاوبەشی ھاوپەیمانانی نێودەوڵەتی لە كوردستان
كۆڵۆنێڵ دەیڤد ولیەمز، فەرماندەی سەنتەری هەماهەنگیی ھاوبەشی ھاوپەیمانانی نێودەوڵەتی لە كوردستان

K24 - هەولێر

فەرماندەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە هەرێمی کوردستان سەبارەت بە پەلاماری داعش بۆ سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە رایدەگەیەنێت "ئەو هێرشە وەبیرهێنانەوەیە کە هێشتا داعش هەڕەشەیەکی جیدییە لە هەرێمی کوردستان و عێراق".

كۆڵۆنێڵ دەیڤد ولیەمز، فەرماندەی سەنتەری هەماهەنگیی ھاوبەشی ھاوپەیمانانی نێودەوڵەتی لە كوردستان لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 گوتی: "سەرەخۆشی خۆمان ئاراستە کەسوکاری پێشمەرگە شەهیدەکان دەکەین، هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ برینداران دەخوازین. ئەو هێرشە وەبیرهێنانەوەیەکە کە هێشتا داعش هەڕەشەیەکی گەورەیە لەسەر هەرێمی کوردستان و عێراق، بۆیە پێویستە هەرچی زووە هەماهەنگی لەنێوان ‌هێزەکانی کوردستان و عێراق لە ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان دروست بکرێت".

کۆلۆنێل دەیڤد ولیەمز، جەختیکردەوە: "یەکێک لە خاڵەکانی هەماهەنگیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق دامەزراندنی سەنتەری هاوبەشە لەو ناوچانە، کە وادەکات رێگری بکرێت لە ئەنجامدانی هێرشی هاوشێوەی شەوی رابردوو و هەروەها هەنگاوێکی دیکەشە بۆ لەناوبردنی یەکجارەکی داعش".