سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانى كوردستان بەتوندی ئیدانەی پەلاماردانی سەنگەرەکانی هێزى پێشمەرگە دەکات

"دووبارەبوونەوەی ئەوجۆرە هێرشانە دووپاتکەرەوەی ئەو راستییەیە کە هەرچی زووترە هەولێر و بەغدا لەسەر ئیدارەدانی ناوچە کوردستانییەکان رێکبکەون"
په‌رله‌مانی كوردستان
په‌رله‌مانی كوردستان

K24 - هه‌ولێر:

سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان، له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا، به‌ توندی په‌لاماری نیوه‌شه‌وی رابردووی داعش بۆ سه‌ر هێزی پشمه‌رگه‌ ئیدانه‌ ده‌كات و رایده‌گه‌یه‌نێت، دووبارەبوونەوەی ئەوجۆرە هێرشانە دووپاتکەرەوەی ئەو راستییەیە کە هەرچی زووترە هەولێر و بەغدا لەسەر ئیدارەدانی ناوچە کوردستانییەکان رێکبکەون و چارەنووسی ناوچە کوردستانییەکان بەپێی ماددەی 140ی دەستوور یەکلایی بکرێتەوە.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا، سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، ‌هێزی پێشمەرگەی کوردستان وەک هەمیشە ئازایەتی و قوربانیدانی خۆی دووپاتکردەوە بۆ پاراستنی خەڵک و خاکی کوردستان لەهەر جۆرە دەستدرێژی و هێرشێک.

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان:

شەوی رابردوو جارێکی دیکە تاریکپەرستانی داعش لەمیحوەری پردێ هێرشیان کردە سەر هێزی پێشمەرگەی کوردستان و بەداخێکی زۆرەوە ژمارەیەک پێشمەرگە شەهید و برینداربوون و ‌هێزی پێشمەرگەی کوردستانیش وەک هەمیشە ئازایەتی و قوربانیدانی خۆی دووپاتکردەوە بۆ پاراستنی خەڵک و خاکی کوردستان لەهەر جۆرە دەستدرێژی و هێرشێک.

دووبارەبوونەوەی ئەوجۆرە هێرشانە، دووپاتکەرەوەی ئەو راستییەیە کە هەرچی زووترە هەولێر و بەغدا لەسەر ئیدارەدانی ناوچە کوردستانییەکان رێکبکەون و چارەنووسی ناوچە کوردستانییەکان بەپێی ماددەی 140ی دەستوور یەکلایی بکرێتەوە، هەروەک پێویستیی مانەوەی هێزی هاوپەیمانان له‌هەرێمی کوردستان و عێراق و هاوکاریکردن و راهێنانی هێزی پێشمەرگە دووپات بووەوە بۆ کۆتاییهێنانی یەکجارەکی بە هەڕەشەی تیرۆریستان و رێگەگرتن لەسەرهەڵدانەوەی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش و هاوبیرەکانیان کە هەمیشە هەڕەشەن بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق و هەموو جیهان.

به‌ناوى په‌رله‌مانى كوردستانه‌وه‌ به‌توندی ئیدانه‌ی پەلاماردانی سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگەى کوردستان لەلایەن دەستە چەپەڵەکانی داعشەوە له ‌پردێ دەکەین و پرسەو سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەى کەسوکارى ئەو شەهیدانەمان دەکەین کە خۆیان کردە قوربانیی پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازین.

سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانى كوردستان

1ى ئایارى 2021