ھەسەدە بەسەدان ئه‌ندامی خێزانەكانی داعش رادەستی ئۆزبەكستان و عێراق دەكاتەوە

ئۆزبەكستان تاكو ئێستا 240 ئافرەت و منداڵی چەكدارانی داعشی گەڕاندوونەتەوە
خێزانانی چەكدارانی داعش
خێزانانی چەكدارانی داعش

K24 – ھەولێر:

ھێزەكانی سووریای دیموكرات (ھەسەدە) ژماره‌یه‌ك لە ئافرەت و منداڵانی چەكدارانی داعشیان رادەستی كۆماری ئۆزبەكستان كرده‌وه‌، ھاوكات بەرپرسێكی عێراقی ئاشكرایكرد، سەد خێزانی دیكەی داعش گوازراونەتەوە بۆ پارێزگای نەینەوا.

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆسەر لە رۆژئاوای كوردستان لەسه‌ر زاری سەرۆكی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە، عەبدولكەریم عومەری گواستووەتەوە، كە لە میانی گۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە شاری قامشلۆ لەگەڵ نوێنەری وەزارەتی دەرەوەی ئۆزبەكستان، بەھرەمجان ئەعلایۆڤ، رۆژی ھەینی گوتوویەتی: ئەوان 24 ئافرەت و 68 منداڵی چەكدارانی داعشیان رادەستی وەزارەتی دەرەوەی ئۆزبەكستان كردووەته‌وه‌، كە لە كەمپەكانی رۆژئاوای كوردستان دەستەسەركرابوون.

عومەر گوتی: "بەپێی ئەو لێكۆڵینەوانەی ئەنجامدراون؛ پشتڕاست نه‌كراوه‌ته‌وه‌ كە ئەو كەسانە تاوانیان ئەنجامدابێت، ئێمەش منداڵە بێ باوكەكان و ھەندێك لە حاڵەتە مرۆییەكان كە پێویستییان بەچارەسەر ھەیە، لە دەرەوەی ناوچەكە رادەست كردوون".

دەزگا ھەواڵییەكانی نزیك لە ھەسەدە لە نوێنەری ئۆزبەكستانی گواستییه‌وه‌، كە گوتوویەتی: ئەوان ناوی 180 كەسیان لە ھەڵگرانی رەگەزنامەی ئۆزبەكستانی تۆماركردووە، كه‌ لە كەمپەكانی رۆژئاوای كوردستانن و حكومەتەكەیان بەرنامەی تایبەتیی بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئەو كەسانە بۆ نێو كۆمەڵگا و ئاسانكردنی بەڕێكردنی ژیانی ئاسایی داڕشتووه‌.

ئەمە جاری یەكەم نییە ئۆزبەكستان ھاووڵاتییە گیراوەكانی خۆی لە كەمپەكانی رۆژئاوای كوردستان دەگەڕێنێتەوە، به‌گویره‌ی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە لە ئیدارەی خۆسەر، كه‌ لە نوێنەری شاندی ئۆزبەكستانی گواستووەتەوە، تا ئێستا 240 ئافرەت و منداڵ گه‌ڕێندراونه‌ته‌وه‌ ئه‌و وڵاته‌. ئۆزبەكستان یەكێكە لە ژمارەیەكی كەم لەو وڵاتانه‌ی ژماره‌یه‌كی زۆری لە ھاووڵاتییەكانیان كه‌ پیشتر چووبوونه‌ ناو داعش، گەڕاندووەتەوە.

لە شوباتی رابردوو، ئەنجوومەنی مافەكانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان داوای لە 57 وڵات كرد، ھاووڵاتیانی خۆیان لە كەمپەكانی "ھۆل" و "رۆژ" لە رۆژئاوای كوردستان بگەڕێننەوە و ئاماژەشیكرد، دۆخی ژیان لە كەمپەكاندا نامرۆڤایە.

ھەر لەم چواچێوەیەدا، وەزیری پێشووی ناوخۆی عێراق، باقر جەبر ئەلزوبه‌یدی، دوێنی ھەینی ئاشكرایكرد، 100 خێزانی چەكدارانی داعش لە كەمپی ھۆڵ گواسترانەتەوە بۆ پارێزگای نەینەوا. روونیشكردەوە ئەو خێزانانە لە 700 كەس پێكھاتوون و رایگەیاند، ئەم ھەنگاوە بەبێ لێكۆلینەوە و پلانێكی راستەقینە ئەنجامدراوە.