زەریف داوای لێبوردن لە خانەوادەی قاسم سولەیمانی دەکات

"هەندێک کەس و لایەن هەوڵیانداوە ئەو پرسە وەکو ئامرازێک بۆ نانەوەی ئاژاوە بەکاربهێنن"
محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف - قاسم سولەیمانی
محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف - قاسم سولەیمانی

K24 - هەولێر

محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران لەسەر بڵاوبوونەوەی تۆمارە دەنگییەکەی، کە قاسم سولەیمانی بەدەستێوەردان لە کاروباری دیپلۆماسی تۆمەتبار کردبوو، داوای لێبووردنی لە خانەوادە و لایەنگرانی سولەیمانی کرد.

لە نامەیەکدا زەریف رایگەیاندووە، لە بڵاوبوونەوەی تۆمارە دەنگییەکە هیچ نیازێکی نەبووە، بەڵام هەندێک کەس و لایەن هەوڵیانداوە ئەو پرسە وەکو ئامرازێک بۆ نانەوەی ئاژاوە بەکاربهێنن.

ئاماژەی بەوەشداوە "قاسم سولەیمانی رۆڵی کارای لە سەقامگیری ئاسایش لە ئێران و ناوچەکە هەبووە".

پێشتر چەند کەناڵێک تۆمارێکی دەنگی زەریفیان بڵاوکردبووەوە، کە تێیدا ئاماژە بەوەدەکات، بە دەستوەردانی قاسم سولەیمانی فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران بووەتە هۆی ئەوەی "قوربانی بە دیپلۆماسییەت بدرێت لە پێناوی کردەوە مەیدانییەکانی سوپای پاسداران".