كەمتر لە مانگێكی دیكە ھەرێمی كوردستان دەبێتە خاوەن سیستەمی ھاوبەشی کەرتی گشتی و تایبەت

"ئامانج لە پڕۆژەکە پەرەپێدانی ئابوورییە"
ھەرێمی كوردستان دەبێتە خاوەن سیستەمی ھاوبەشی کەرتی گشتی و تایبەت
ھەرێمی كوردستان دەبێتە خاوەن سیستەمی ھاوبەشی کەرتی گشتی و تایبەت

K24 – ھەولێر:

لە سەرەتای ئەم ساڵدا حکومەتی ھەرێمی کوردستان رەزامەندی دا لەسەر سیستەمی ھاوبەشیکردنی کەرتی گشتی و تایبەت بۆ ئەوەی پەرە بە ئابووری ھەرێمی کوردستان بدرێت بەو ئامانجەی زۆرترین پڕۆژە جێبەجێبکرێت، وەزارەتی پلاندانان دەستیکردووە بە گفتوگۆکردن لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بۆ  ئەوەی پەیڕەوێک بۆ پڕۆژەکە ئامادە بکرێت و لە نزیكرین کاتدا بکەوێت کار.

کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان نزیکەی ساڵێکە کار بۆ ئەوە دەکات، ھەماھەنگی لە نێوان کەرتی تایبەت و کەرتی گشتی زیاد بکات و بتوانرێت ھەردوو کەرتەکە ھاوبەش بن لە ئامادەکردنی پڕۆژەکەدا.

بریکاری وەزارەتی پلاندانان ئاشکرای دەکات کەمتر لە مانگێکی دیكە ھەرێمی کوردستان بۆ یەکەم جار دەبێتە خاوەن سیستەمێکی گرنگی بەڕێوەبردنی ھاوبەش لە نێوان کەرتی گشتی و تایبەتدا.

زاگرۆس فەوتاح، بریکاری وەزارەتی پلاندانان گوتی: "ئامانج لە پڕۆژەکە ئەوەیە ئابووری ھەرێمی کوردستان گەشەی پێبدرێت و کەرتی تایبەتیش بەشداربێت لە ئەنجامدانی پڕۆژەکان بەو ئامانجەی زۆرترین پڕۆژە ئەنجام بدرێت".

وەزارەتی کارەبا وەک یەکەم دامەزراوە کاری لەسەر ئەم سیستەمە کردووە؛ بەڵام کەموکوڕی لە گرێبەست و شێوازەکانی مامەڵە لەگەڵ پڕۆژەکاندا ھەبووە.

دیار بابان، بەڕێوبەری گشتی بەرھەمھێنان لە وەزارەتی كارەبا گوتی: وەک یەکەم وەزارەت کاریان بە سیستەمەکە کردووە تا ئێستاش بەردەوامن و رێگە خۆشکەرێکی باش بووە بۆ ھاوکاریکردنی کەرتی تایبەت لە پڕۆژەکانی کارەبادا.

لە زۆربەی وڵاتانی بیانی ئەم جۆرە سیستەمە کاری پێدەکرێت. وەزارەتی پلاندانان لە ساڵی 2020 چوارچێۆی کارکردنی پڕۆژەکەی ئامادە کردووە. لە سەرەتای ئەم ساڵیشدا ئەنجوومەنی وەزیران پڕۆژەکەی پەسەندکردووە.  ئەوەی ماوەتەوە پەیڕەوێک ئامادەبکرێت بۆ کاری پڕۆژەکە. ھەموو وەزارەتەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەشدارن لەم پڕۆژەیە بەھاوبەشی کەرتی تایبەت بەو ئامانجەی زۆرترین پڕۆژە ئەنجام بدرێن.