پۆلیسی نەوتی کەرکووک بەهۆی مەترسی هێرشی داعش خرایە حاڵەتی ئامادەباشییەوە

بەهۆی مەترسی هێرشی داعش
چەند چەکدارێکی داعش لە سنووری کەرکووک   فۆتۆ: ئەرشیڤ
چەند چەکدارێکی داعش لە سنووری کەرکووک فۆتۆ: ئەرشیڤ

K24- کەرکووک:

ژمارەیەک چەکدار بە ماتۆڕسکیلەوە لە نزیک کێڵگەی نەوتی سارەلوو لەسنووری قەزای دووبز لە خۆرئاوای کەرکووک بینراون و گوماندەکرێت چەکداری داعش بن.

شایەدحاڵێک کە خەڵکی گوندێکی سنوورەکەیە و بەئۆتۆمبێل بۆماڵەوە گەڕاوەتەوە سێ ماتۆڕسکیلی لەنزیک کێڵگەی نەوتی سارە لوو بینیوە کە دەکەوێتە نزیک گوندی پەڵکانەی خۆرئاوای کەرکووک، ئەوشاهێدحاڵە بەکوردستان24ی راگەیاند دوو: ''هەر ماتۆڕە و دوو چەکداری لەسەر بووە. ئەویتر بەتەنیابووە و بەئاراستەی دەشتایی و بەرزاییەکانی نزیک کێڵگە نەوتییەکە رۆیشتوون''.

 سەبارەت بەوەی ئایا چەکدارەکان داعش بوون یان نا، ئەو شایەدحاڵە رایگەیاند، بەهۆی تاریکی شوێنەکە و کەمی مەودای بینین نەمتوانی سەرو سیمایان ببینم و دڵنیانیم کە داعش بوون، بەڵام دڵنیابووم لەوەی چەکداربوون و پێنج کەس بوون.

چەکدارانی داعش ماوەیەکە جمووجۆڵەکانیان لەسنوی باشور و خۆرئاوای کەرکووک زۆربووە و چالاکییەکانیشیان لەدژی هێزە عێراقییەکان زیادیکردووە، لە دوو شەوی رابردووش پەلاماری سەنگەرەکانی پێشمەرگەیاندا و دواتر پەلامارەکەیان تێکشکێنرا.

هەر بەو هۆیەوە بە پێی زانیارییەکانی کوردستان24، پۆلیسی نەوت لە سنووری کێڵگە نەوتییەکانی خۆرئاوای کەرکووک خراوەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.