ئیداره‌ی بایدن: به‌نیازین گرتووخانه‌ی گوانتانامۆ دابخه‌ین
K24 - هه‌ولێر:
ئه‌نتۆنی بلینكن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا رایگه‌یاند، ئیداره‌ی بایدن ئامانجی ئه‌وه‌یه گرتووخانه‌ی گوانتانامۆ دابخات، كه به پێشێلكارییه‌كانی مافی مرۆڤ ناسراوه.
بلینكن، له چاوپێكه‌وتنێكی له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی "CBS"دا ئاماژه‌ی به‌وه كرد، پێمانوایه ده‌بێت گرتووخانه‌ی گوانتانامۆ دابخرێت، بێگومان ئه‌مه‌ش ئامانجی ئێمه‌یه و له چه‌ند مانگی داهاتوودا كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ین.
ئه‌مه‌ریكا له ساڵی (1902)ه‌وه بنكه‌ی گوانتانامۆی له كۆبا به‌كرێگرتووه، له مانگی كانوونی دووه‌می (2002)ه‌وه له‌سه‌رده‌می "جۆرج ده‌بڵیو بۆش"، سه‌رۆكی پێشووتری ئه‌مه‌ریكا، وه‌ك گرتووخانه‌یه‌ك به‌كاریهێناوه، سه‌ره‌تا (20) كه‌س له ده‌ستگیركراوه‌كانی ئه‌فغانستانی تێدا راگیرا، كه به‌شدارییان له شه‌ڕی "تاڵیبان" كردبوو.
هه‌ر له‌وكاته‌وه ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌مه‌ریكا ئه‌و گرتووخانه‌یان بۆ ده‌ستگیكراوه‌كانی شه‌ڕی ئه‌فغانستان به‌كارهێنا و سه‌دان كه‌س له‌و گرتووخانه‌یه مانه‌وه، به‌بێ ئه‌وه‌ی به فه‌رمی رووبه‌ڕووی دادگا بكرێنه‌وه.
باراك ئۆباما، سه‌رۆكی پێشتووتری ئه‌مه‌ریكا له (21ی كانوونی دووه‌م/ جانیوه‌ری 2009) بڕیاری دا گرتووخانه‌ی گوانتانامۆ دابخات، ئه‌مه‌ش به‌هۆی ئاشكرابوونی پێشلكارییه‌كانی مافی مرۆڤ و ئه‌شكه‌نجه‌دانی به‌نكراوه‌كانی ئه‌و گرتووخانه‌یه، به‌ڵام كۆنگرێسی ئه‌مه‌ریكا به‌رهه‌ڵستی بڕیاره‌كه‌ی ئۆبامای كرد و تا ئه‌مڕۆ گرتووخانه‌كه وه‌كو خۆی ماوه‌ته‌وه.
د.ی