کچێکی چالاکوانی کورد راستەوخۆ کاندیدە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەڵمانیا

"دڵم دوو بەشە، بەشێکیان بۆ کورد و کوردستان لێدەدات و بەشەکەی دیكه‌ش ئەڵمانیا"
ڤانیسا رەشید، کچێکی چالاکوانی کورد و كاندیدی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان
ڤانیسا رەشید، کچێکی چالاکوانی کورد و كاندیدی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان

K24 - ئەوروپا:

ڤانیسا رەشیدی (تەمەن 29) ساڵان، سەرکەوتنێکی گەورەی چاوەڕواننه‌کراوی لە کۆنگرەی پارتی سەوزی ئەڵمانیا بەدەستهێنا و کاندیدی راستەوخۆیه‌ بۆ هەڵبژاردنی فیدراڵی پەرلەمانی ئەڵمانیا، وەک سیاسەتوانی شارەزای پارتەکە لە رۆژهەڵاتی میونشن كێبڕكێی هه‌ڵبژاردن ده‌كات.

له‌ سیسته‌می هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی ئەڵمانیا، هەر دەنگدەرێك دوو دەنگ دەدات، دەنگێک بۆ کەسی کاندیدی راستەوخۆی پارتەکە لە بازنەی دەنگدان و دەنگێک بە پارتێک دەدات، دوای بەدەستخستنی دەنگ کەسی راستەوخۆی کاندیدکراو هەڵدەبژێردرێت بۆ پەرلەمان، لە رێی دەنگی پارتەوە، لیستی کاندیدە ئامادەکراوەکان بەپێی ریزبەندی بەدەستخستنی رێژەی دەنگەکان دەبنە پەلەمانتاری ئەو پارتە.

لە کۆنگرەی پارتی سەوزی ئەڵمانیا لە رۆژهەڵاتی شاری میونشن، کە بەهۆی په‌تای كۆرۆناوه‌ بە شێوەی ئۆنلاین بەڕێوەچوو، "ڤانیسا رەشید"، توانی دەنگی زۆرینەی پارتەکەی بەدەستبهێنێت و کۆتایی بە کاری پەرلەمانتاری خاتوو "مارگەرێتە باوزێ" کاندیدی چەندین ساڵەی پارتی سەوز لەو ناوچەیە بهێنێت، کە (35) ساڵە کاری سیاسی دەکات و (12) ساڵ سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی سەوز بووە لە پەرلەمانی هەرێمی بایرن و (4) ساڵیشە ئەندام پەرلەمانی فیدراڵی ئەڵمانیایە.

ڤانیسا رەشید، له‌بارەی هەڵبژاردنی وەک کەسی یەکەمی رۆژهەڵاتی میونشن بۆ پەرلەمانی ئەڵمانیا، بۆ کوردستان24 گوتی: "خۆشحاڵییەکی بێسنوور و سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ من لەو شارەدا، کە لە منداڵییەوە ئاوارەی بووە، بتوانێت لەناو پارتێکی ئەڵمانی بە چالاکی و کارە بەردەوامەکانیەوە باوەڕی پارتی سەوزی ئەڵمان بەدەستبهێنێت و کچێکی کورد ببێتە کاندیدی راستەوخۆی پارتەکە بۆ پەرلەمانی ئەڵمانیا".

ڤانیسا چه‌ندین ساڵه‌ كاری خۆبه‌شی ده‌كات
ڤانیسا چه‌ندین ساڵه‌ كاری خۆبه‌شی ده‌كات

سەبارەت بە بەرنامەی کاری پارتەکەی و خۆی راشیگه‌یاند، پارتی سەوزی ئەڵمانیا، لە هەشتاکانی سەدەی رابردووەوە هێمای ژینگە و ژینگەپارێزی دروشمی نەگۆڕاوی بووە، ئەو کاتە بە ساوایی دەستی پێکردووە، بەڵام ئێستا پارتەکەی تەمەنێکی هەیە و کاتی ئەوە هاتووە حوکمی ئەڵمانیا بکات. چەند مانگێک لەمەوبەر پارتی سەوز بە رەهای دەنگ بڕیاری دا بابەتی ژینگە، رێکخستنەوەی بوارەکانی ژیان، پەرەپێدان و پێشخستنی بواری کار کە لە خزمەتی ژینگە و مرۆڤایەتیدا بێت و گەرمبوون و پاراستنی گۆی زەوی، بکەنە دروشمی داهاتووی پارتەکە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەڵمانیا.

سەبارەت بە بەرنامەی کاری خۆیشی وەک پەرلەمانتار لەکاتی وەرگرتنی متمانەی دەنگدەر، ڤانیسا ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، دەمەوێت دەنگی هەموو ئەوکەسانە بم، کە دەنگیان ناگات، لەبەر ئەوەی بەردەوام من دڵم بۆ کەسانی منداڵ و بێچارە لێدەدات.

ڤانیسا له‌ كۆنگره‌ی پارته‌كه‌یدا ده‌نگی یه‌كه‌می به‌ده‌ستهێنا له‌ ناوچه‌ی
ڤانیسا له‌ كۆنگره‌ی پارته‌كه‌یدا ده‌نگی یه‌كه‌می به‌ده‌ستهێنا له‌ رۆژهه‌ڵاتی شاری میوشن

ڤانیسا بۆ هاوکاری رەوەندی کوردی و هەرێمی کوردستان بەرنامەی کاری ئامادەیە، وەک خۆی دەڵێت: یەکەم رۆژی دانیشتنی پەرلەمانی هەڵبێژدراوی ئەڵمانیا بە جلی کوردییەوە ئامادە دەبێت و دەڵێت هەندێکجار وێنەیەک لە هەزار وشە باشتر دەگات. پێویستە بە زیرەکی و دیپلۆماسیانە مامەڵە لەگەڵ بابەتەکاندا بکرێت، ئەوەی من هەوڵی بۆ دەدەم، کوردستانیانی دانیشتووی ئەڵمانیاش وەک هەندێک لە دانیشتوانی وڵاتانی دیكه‌ خاوەن دوو پاسپۆرت بن (بەپێی یاسای ئەڵمانیا، جگە لە هەندێک وڵاتی دیاریکراو نابێت کەسێکی خاوەن رەگەزنامەی ئەڵمانی رەگەزنامە و پاسپۆرتی وڵاتی دیكه‌ی هەبێت).

ڤانیسا روونیكرده‌وه‌، گەر بەکاریشی نەهێنن بەردەوام لە وڵاتەوە نزیک دەبن و بەجۆرێک لە جۆرەکان پابەندبوونێک لە ناخیاندا دەبێت بە کوردستانەوە. بۆ هەرێمی کوردستانیش خوازیارە ببێتە پردێکی پەیوەندی نێوان پەرلەمان و حکومەتی ئەڵمانیا لەگەڵ هەرێمی کوردستان و بەردەوامبوونی حکومەتی ئەڵمانیا لە هاوکاری هێزی پێشمەرگە و چەندین بابەتی پەیوەست بە حکومەت و خەڵکی کوردستانەوە.

ڤانیسا بەردەوام دەبێت لە قسەکانی و گوتی: "بەداخەوە دیپلۆماسیەتی رەوەندی کوردی لە دەرەوە سستە و نەمانتوانیوە ئەو دەرفەتانە بقۆزینەوە بۆ خزمەتی کوردستان". رۆڵی حکومەتی هەرێم و سەرۆکایەتییەکەی و هێزی پێشمەرگەش بە نموونە دەهێنێتەوە لەکاتی په‌لاماری هێزی رەشی داعش بۆ سەر ناوچەکە و کوردستان و ده‌ڵێت: "راستە کارەساتێکی لەو ناوچەیەدا خولقاند و ناخۆش بوو، بەڵام بۆ کورد و کوردستان و تێکشکاندنیان، کە ناوی کورد و پێشمەرگە چووە سەر زاری هەموو تاکێکی ئەوروپی و جیهانی، لە میدیاکانیشدا دەنگدانەوەیەکی گەورەبوو، بەداخەوە نەتوانرا بکرێتە دەرفەتێک بۆ جوڵاندنی رای جیهانی و ببێتە هەوێنی ئاواکردن و راگەیاندن بۆ سەربەخۆیی کوردستان و بوونە خاوەن کیانێکی سەربەخۆ".

ئەوەی گرنگە بۆ ڤانیسا ئەوەیە کە پێویستە هەموو تاکێکی کوردستانی لە دەرەوە مێژووی گەلەکەی و ئەو قوربانیدانەی گەلی کورد و شەهیدان لەبیر نەکەن.

ڤانیسا
ڤانیسا یەکێک بووە لەو کەسانەی هەڵمەتی پێشوازیکردنیان راگەیاند و دروشمی "بەخێربێن"ی بە فەرمی ناساند

ڤانیسا رەشید، تەمەنی (6) ساڵان دەبێت لەگەڵ خێزانەکەی دەگەنە ئەڵمانیا و وەک پەنابەر نیشتەجێدەبن، لەتەمەنی (13) ساڵییەوە دەستی بەکاری خۆبەخشی کردووە، ساڵی (2011) لەیەکەم کۆنفرانسی جیهانی ئافرەتان لە ڤەنزوێلا لە تەمەنی (19) ساڵیدا بە جلی کوردیەوە بەشداربووە، ساڵی (2015) لەکاتی گەیشتنی شەمەندەفەری پڕ لە ئاوارەی کورد بۆ ئەڵمانیا لە نەمساوە، یەکێک بووە لەو کەسانەی هەڵمەتی پێشوازیکردنیان راگەیاند و دروشمی "بەخێربێن"ی بە فەرمی ناساند و پێشوازی لە پەنابەران کرد. ڤانیسا قوتابی کۆلێژی سیاسەت و یاسایە لە زانکۆی میونشن، بەهۆی باری خراپی ئابووری و کارکردن بۆ بژێوی ژیان، چەند جارێک لە خوێندن وەستاوە، بەڵام نەبووەتە هۆی وازهێنانی تەواو لە خوێندن و بەردەوامە.

ڤانیسا لە کۆتاییدا ئاشكرای كرد، یەکێک لەو کەسانەی کە لە منداڵیەوە کاریگەری لەسەرم هەبووە و وای فێرکردووم هەمیشە شانازی بە کوردبوونی خۆم و کوردستانەوە بکەم دایكی بووه‌ و ده‌شڵێت: "دڵم دوو بەشە، بەشێکیان بۆ کورد و کوردستان لێدەدات و بەشەکەی دیكه‌ش ئەڵمانە".

بڕیاره‌ له‌مانگی ئه‌یلوولی ئه‌مساڵ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی فیدراڵی ئه‌ڵمانیا به‌ڕێوه‌بچێت و "ڤانیسا"ش یه‌كێكه‌ له‌ كاندیده‌ سه‌ركه‌وتووه‌كانی پارته‌كه‌ی بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ به‌ربژێره‌.

 

د.ی