نێچیرڤان بارزانی بانگهێشتنامه‌يه‌كى له شێخ محه‌مه‌د بن زایده‌وه پێگەیشت
K24 - هەولێر
ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 3/5/2021 نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له ئه‌حمه‌د ئیبراهیم ئه‌لزاهری، كونسوڵى گشتیی میرنشینی یه‌كگرتووی عه‌ره‌بی (ئیمارات) له هه‌ولێر كرد.
له دیدارێكدا كونسوڵی گشتیی ئیمارات سڵاو و رێزی سه‌رۆك و سه‌رۆك وه‌زیران و جێنشینی ئه‌بو زه‌بی به نێچیرڤان بارزانی راگه‌یاند و بانگهێشتنامه‌يه‌كى شێخ محه‌مه‌د بن زاید ئال نه‌هيان جێنشینی ئه‌بو زه‌بی و جێگری فه‌رمانده‌ی باڵای هێزه چه‌كداره‌كان، بۆ سه‌ردانى ئيمارات، راده‌ستی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان كرد، كه تيايدا خواستى ئيماراتى بۆ بره‌ودان به په‌يوه‌ندييه‌كانى له هه‌موو بواره‌كاندا له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان دووپاتكرده‌وه.
نێچیرڤان بارزانی سڵاو و رێزی خۆی به سه‌رۆك و سه‌رۆك وه‌زیران و شێخ محه‌مه‌د بن زاید ئال نه‌هيان گه‌یاند و سوپاس و خۆشحاڵیی خۆيانى به بانگهێشته‌كه‌يان ده‌ربڕى و رايگه‌ياند له كاتێكی گونجاو‌دا بۆ هه‌ردوولا سه‌ردانه‌كه ئه‌نجام ده‌ده‌ن، هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندی و دۆستایه‌تیی عێراق و هه‌رێمی كوردستانی له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تی و حكومه‌ت و گه‌لی ئیمارات به‌رزنرخاند.
تاوتوێكردنی دوایین په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی عێراق به‌گشتی، هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی عێراق، په‌یوه‌ندییه‌كانى عێراق و هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ ئیمارات و گرنگيی زیاتر په‌ره‌پێدانیان له بواره‌كانی ئابووری و بازرگانیدا، لایه‌نێكی دیكه‌ی دیداره‌كه بوو.