شاندێكی سعوودیە چاوی بە بەشار ئەسەد كەوت و رێككەوتن لەسەر دهستپێكردنهوهی پەیوەندییەكانیان
K24 – ھەولێر:
رۆژنامەی "رای الیوم" لە چەند سەرچاوەیەكی سووریایی گواستووەتەوە، كەوا شاندێكی سعوودی بە سەرۆكایەتی سەرۆكی دەزگای ھەواڵگری ئەو وڵاتە، ئەمڕۆ چاوی كەوتووە بە سەرۆكی سووریا، بەشار ئەسەد و ھەردوو لایەن رێككەوتوون لەسەر گەڕاندنەوەی تەواوی پەیوەندییەكانی نێوان ھەردوو وڵات.
رۆژنامەكە روونیكردووەتەوە، شاندێك بە سەرۆكایەتی سەرۆكی دەزگای ھەواڵگری سعوودیە، فەریق خالد ئەلحمێدان ئەمڕۆ دووشەممە سەردانی پایتەختی سووریای كرد و چاوی كەوت بە سەرۆكی سووریا، بەشار ئەسەد و جێگری سەرۆكی كاروباری ئەمنی، لیوا عەلی مەملووك.
رۆژنامەكە نووسیویهتی: ھەردوولا رێككەوتن لەسەر ئەوەی شاندەكە لەدوای جەژنی رەمەزان بگەڕێنەوە و بۆ ماوەیەكی درێژتر بمێنێتەوە.
رۆژنامەكە لە زاری چهند "سەرچاوەیهكی باڵای دیپلۆماسیی" بڵاویكردووهتهوه، ھەردوولا رێككەوتوون لەسەر "كردنەوەی باڵیۆزخانەی سعوودیە لە دیمەشق وەك ھەنگاوی یەكەم بۆ دهستپێكردنهوهی پەیوەندییەكانی نێوان ھەردوو وڵات لە گشت بوارەكاندا".
بەپێی رۆژنامەكە، ئەو سەرچاوانە گوتوویانە: "شاندی سعوودیە بە سووریاییەكانی گوتووە، وڵاتەكەی پێشوازی دەكات لە گەڕانەوەی سووریا بۆ نێو كۆمكاری عەرەبی و ئامادەبوونی لە كۆنگرەی داھاتووی لوتكەی عەرەبی لە جەزائیر ئهگهر كۆنگرهكه له وادهی خۆیدا بهڕێوهبچێت.
رۆژنامەكە ئهوهشی نووسیوه: "ھێشتا نازانرێت، ئایا شازادە فەیسەل بن فەرحان ئال سعوود، وەزیری دەرەوەی سعوودیە خۆی سەرۆكایەتی شاندی سعوودیە دەكات، كە بڕیارە لە دوای جەژنی رهمهزان سەردانی سووریا بكات بۆ سەرپەرشتیكردنی رێككەوتنی كردنەوەی باڵیۆزخانەی سعوودیە یاخود ئەركەكە بۆ فەریق ئەلحمێدان بەجێدەھێڵێت".
ئاماژهی بهوهشداوه، "مەزندە دەكرێت شازادە فەرحان سەرۆكایەتی شاندەكە بكات".