ئەمەریکا پەنابەری زیاتر وەردەگرێت

بڕیاری بایدن پێچەوانەی سیاسەتی ترەمپە
ئەرشیف
ئەرشیف

K24  - هەولێر

جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا بڕیاری زیادکردنی ژمارەی ئەو پەنابەرانەی دا کە ساڵانە روو دەکەنە وڵاتەکە، ئەمەش پێچەوانی سیاسەتی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکایە، کە دژی هاتنی پەنابەربوو.

بەگوێرەی بڕیاری سەرۆکی ئەمەریکا ژمارەی ئەو پەنابەرانەی کە بڕیارە ئەمساڵ لەلایەن حکومەتی ئەمەریکاوە پێشوازییان لێ بکرێت لە 15 هەزار پەنابەرەوە بۆ 62 هەزار 500 پەنابەر بەرزکردەوە.

بەپێی قسەی بەرپرسانی کۆشکی سپیش بڕیارە لەم مانگەدا بڕیارەکە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بڕیاریشە ئەو ژمارەیە لە ساڵی داهاتوو بۆ 125 هەزار بەرزبکرێتەوە.

لە ماوەی سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا هەنگاو بە هەنگاو ژمارەی وەرگرتنی پەنابەرانی کەمکردەوە. بە جۆرێک لە دوایین ساڵی سەرۆکایەتی باراک ئۆباما ئەمەریکا پێشوازی لە 110 هەزار پەنابەر کردبوو، بەڵام ترەمپ لە دوایین ساڵی سەرۆکایەتیەکەیدا ئەو ژمارەی بۆ کەمترین ئاست کە 15 هەزار پەنابەر بوو کەمیکردەوە.

لەلایەکی دیکەوە جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا، جگە لە زیادکردنی ژمارەی ئەو پەنابەرانەی کە ساڵانە پێشوازیان لێدەکرێت، هاوکات قەدەغەی گەشتی لەسەر  سۆماڵ و سووریا و یەمەن هەڵگرت. لەمەودوا چانسێکی زیاتر بە هاووڵاتیانی ئەفەریقا، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەمەریکای لاتینی دەدات.

م.ە