قوربانیانی رووداوەکانی هاتووچۆ سەدا 36 زیادیکردووە

K24 - ههولێر:
بەپێی ئامارەکانی هاتووچۆی گشتیی هەرێمی کوردستان لە چارەگی یەکەمی ئەمساڵ تێکڕای ژمارەی ئەو کەسانەی کە بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لە دەستداوە، بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو سەدا 36.5 زیادیکردووە.
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵ 126 هاووڵاتی بەهۆی رووداوی هاتووچۆوە گیانیان لەدەستداوە، ئەمەش سەدا 36.5 زیاترە لە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو، کە 80 هاووڵاتی گیانیان لەدەستدابوو، هاوکات ژمارەی بریندارانیش لە چارەگی یەکەمی ئەمساڵ ههزار و 439 هاووڵاتی بووە.
عەمید ئەسعەد، بەڕێوەبەری پلاندانان و ئامار و بەدواداچوون لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند، چەند هۆکارێک هەن بۆ زۆری ژمارەی رووداوەکانی هاتووچۆ، کە دیارترینیان بریتین لە خیرایی شۆفێران و بەکارهێنانی شتی لاوەکی وەک مۆبایل. گووتیشی لە هەرێمی کوردستان نەتوانراوە سیستەمێکی رێكوپێکی هاتووچۆ دابینبکرێت، کە هۆکارێکی زۆربوونی بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلە.
ئەو بەرپرسەی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان ئاشکراشیکرد، نەبوونی سیستەمێکی هاوبەشی پێدانی مۆڵەت بە شۆفێران بووەتە هۆکاری زۆربوونی شۆفێری ناتەندروست.
بەپێی ئامارەکانی هاتووچۆ لە سێ مانگی رابردوودا زۆرترین رووداوی هاتووچۆ و ژمارەی گیان لەدەستدان و برینداران لە سنووری پارێزگای سلێمانی بووە، کە 251 رووداو بووە، 76 کەسیش گیانیان لەدەستداوە و 776 کەسیش برینداربووە، ئەمە لە کاتێکدایە کە لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵ 850 رووداوی هاتووچۆ روویداوە لە هەرێمی کوردستان.
م. هـ