حەشدی شەعبی داوای خەرجکردنی مووچەی 30 هەزار چەکداری دەکات

لە بودجەی عێراق زیاتر لە 3 تریلیۆن و 294.45 ملیار دینار بۆ چەکدارانی حەشدی شەعبی تەرخانکراوە
حەشدی شەعبی
حەشدی شەعبی

K24 - هەولێر

بەپێی نووسراوێکی حەشدی شەعبی کە ئاراستەی وەزیری دارایی عێراقی کردووە، داوای خەرجکردنی مووچەی 30 هەزار چەکداریان دەکات. ئەندامێکی لیژنەی داراییش دەڵێت، ئاگادارنین کە ئایا حەشدی شەعبی بە فەرمی ئەو داوایەی کردووە یاخود نا.

بەگوێرەی نووسراوەکەی حەشدی شەعبی کە راستەوخۆ بۆ نووسینگەی  وەزیری دارایی عێراق ئاڕاستەکراوە، داوا دەکەن بڕی 382 ملیار و 239 ملیۆن دیناری لە بوجەی عێراق بۆ چارەسەرکردنی کێشەی 30 هەزار چەکداریان بۆ خەرجبکرێت.

جەمال کۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان 24ی راگەیاند: "ئێمە و حکومەتی عێراق ژمارەی چەکدارانی حەشدی شەعبیمان لە بودجە بە 166 هەزار چەکدار دانابوو، بەڵام بەرپرسانی حەشدی شەعبی دەڵێن ژمارەی راستەقینەی چەکدارەکانمان 196 هەزارە".

ئەو ئەندامەی پەرلەمان گووتیشی هەرچەندە ئێمە لە راستی و دروستی ئەو نوسراوە دڵنیا نین بەڵام حکومەتی عێراق لە دەسەڵاتی هەیە کە راستەوخۆ بوودجەی ئەو چەکدارانەی حەشد خەرج بکات ئەگەر توانای هەبێت و رەزامەندی بدات.

لە بودجەی 2021ی عێراق چەکدارانی حەشدی شەعبی زیاتر لە 3 تریلیۆن و 294.45 ملیار دیناریان بۆ تەرخانکراوە.

نووسراوی ‌حەشدی شەعبی
نووسراوی ‌حەشدی شەعبی

م.ه