نامەیەکی شێخ مەحمودی حەفید بۆ کوردەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان

Kurd24

نزیکەی 80 ساڵ لەمەوبەر، لەکۆتایی ساڵی 1941 دا شێخ مەحمودی حەفید نامەیەک بۆ کوردەکانی رۆژهەڵات دەنێرێت بەبۆنەی ئەوەی توانیویانە بگەنە روسیا (یەکێتی سۆڤیەتی ئەوکات). بەپێی وتەی مامۆستا حەسەن رەحیم قازی، نامەکە لەلایەن رەحیمی قازی (ئامۆزای پێشەوا قازی محەمەد) نوسراوە.

لە نامەکەدا شێخی نەمر داوا لە کوردەکانی رۆژهەڵات دەکات بە متمانەوە پەیوەندی لەگەڵ یەکێتی سۆڤیەت پتەوتر بکەن بەو هیوایەی ئەو پەیوەندییە ببێتە مایەی رزگاربوونی کورد لەدەست دوژمنەکانی. نامەکە گوزارشت لە ئاستی خەمخۆری شێخی نەمر دەکات بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی کوردستان.

دەقی نامەکە:

كاغەزی شێخ مەحمود بۆ نوێنەرانی كوردستانی ئێران

" نووسراوە لە ئاخیری ساڵی 1941-دا "

ئەمن لە قوڵایی دڵمەوە شادم بەوەی كە ئێوە توانیوتانە بچنە یەكێتی سۆڤێتی خۆشەویست (شاری باكۆ).

ئەی برادەرانی هاوخوێنی كوردم، تكاتان لێ دەكەم و پێتان دەڵێم جگە لە یەكێتی سۆڤیەت بە هیچ كەسێكی تر باوەڕ مەكەن، بە هیچ چەشنە درۆ و بەڵێنێكی پێچەوانەی سۆڤیەت باوەڕ مەكەن، گوێ بۆ قسەی شیرینی دوژمنان شل مەكەن، خائینانی میللەتی كورد هەمیشە لە دەستی ئەوانەدا كە خۆمان ئەیانناسین (واتە ئیمپریالیزمی ئینگلیزی) وەكو ئەنگوستیلەن یا داردەستن. زۆر بە هێزەوە دەستی یەكێتی سۆڤیەت بگرن، چونكە هەر ئەوە كە رزگاركەر و قەڵای تەواوی میللەتە ژێر دەستە ستەموەرەكانە.

لە 26ی ئازاری ساڵی 1946 بەهۆی فشاری هێزە رۆژئاواییەکان بەتایبەت ئەمریکا، یەکێتی سۆڤیەت پەیمانی بە حکومەتی ئێران دا لە ئازەربایجان بکشێتەوە. لە مانگی حوزەیراندا ئێران توانی ئازەربایجان کۆنتڕۆڵ بکات و کۆماری کوردستان لە سۆڤیەت داببڕێت، ئەمەش بووە هۆکاری پچڕاندنی سەرچاوەی دارایی پاشان داڕمانی کۆماری کوردستان. لە 17ی کانوونی یەکەمی ساڵی 1946 حکومەتی ئێران شاری مهابادی داگیرکرد و دواتریش لە رۆژی 31ی ئازاری ساڵی 1947 پێشەوای کوردان قازی محەمەد لەسەر کوردایەتی لە هەمان ئەو مەیدانەی کە کۆماری کوردستان ی لێ راگەیاندبوو شەهید کرا.

لێرەدا بە پێویستی ئەزانم ئاماژە بەوە بکەم لە سەرەتای سەرهەڵدانی بزوتنەوەی رزگاریخوازی کوردیەوە لە کۆتایی جەنگی جیهانی یەکەم، کورد زۆر رێگای تاقیکردووه‌تەوە بۆ گەیشتن بە ئامانجە سەرەکییەکەی کە بەدەستهێنانی سەربەخۆیی کوردستانە. بەڵام بەهۆی نەبوونی پاڵپشتی نێودەوڵەتی و فشاری دوژمنانی کورد و خیانەتی نێوخۆیی، نەتوانرا ئەو ئامانجە بەدی بهێنرێت. لە ئێستاشدا پرسی سەربەخۆیی لای زۆربەی هێزە سیاسییەکانی کوردستان لەبیرکراوە یان ئەگەر روونتر بڵێین دژایەتی دەکرێت! ئەمەش مەترسییەکی گەورەی لەسەر ئاسایشی نەتەوەيى دروست کردووە و حکومەتی عێراق بەردەوام هەوڵ دەدات ئەم هەلە بقۆزێتەوە بۆ لاوازكردنى پێگەی هەرێمی کوردستان.

ده‌قی نامه‌كه‌
ده‌قی نامه‌كه‌

تێبینی:

- نامەکە لە ئەرشیفی مامۆستا رەفیق حیلمی وەرگیراوە و بۆیەکەم جار کاک مەجید ساڵح لە رێکەوتی 22/1/2019 بڵاوی کردووه‌تەوە.

- شاری باکۆ لەئێستادا پایتەختی وڵاتی ئازەربایجانە.