میسر سەرقاڵی راوێژی سیاسین لەگەڵ توركیا "لەوانەیە بگەینە ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانمان"

"راوێژی سیاسی لە نێوان میسر و توركیا لە ماوەی نێوان 5 تا 6 ئایاری ساڵی 2021 لە قاھیرە ئەنجامدەدرێت"
قاھیرە
قاھیرە

K24 – ھەولێر:

وەزارەتی دەرەوەی میسر رایگەیاند، لە سبەی چوارشەمەوە راوێژی سیاسی لەگەڵ توركیا ئەنجام دەدەین و لەوانەیە "بگەینە ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان لە نێوان ھەردوو وڵاتدا و لەسەر ئاستی دوولایەنی و لە چوارچێوەی ناوچەییدا".

لە راگەیاندراوی وەزارەتی دەرەوەی میسر ھاتووە: "راوێژی سیاسی لە نێوان میسر و توركیا، بە سەرۆكایەتی باڵیۆز حەمدی سند لوزا، جێگری وەزیری دەرەوەی میسر و باڵیۆز سادات ئۆنال، جێگری وەزیری دەرەوەی توركیا لە ماوەی نێوان 5 تا 6ی ئایاری ساڵی 2021 لە قاھیرە ئەنجامدەدرێت".

راگەیاندراوەكە گوتیشی: "گفتوگۆكان رووناكی دەخاتە سەر ھەنگاوە پێویستەكانی كە لەوانەیە بەرەو ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان ھەردوو وڵات بچێت لەسەر ئاستی دوولایەنی و لە چوارچێوەی ناوچەییدا".

لە مانگی شوباتی رابردوو، توركیا دەستپێكردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانی لەگەڵ میسر راگەیاند، ھەروەھا دوای لە دەزگا راگەیاندنەكانی ئۆپۆزیسیۆنی میسر لە توركیا كرد رەخنەكانیان لە بەرامبەر دەسەڵاتدارانی میسر لە قاھیرە خاو بكەنەوە.

سەرچاوە:  RT