سوید مافی پەنابەرێتی سنووردار دەکات

چارەنووسی هەزاران پەنابەر یەکلایی دەکرێتەوە
kurdistan24.net

K24 - ستۆکهۆڵم

پارتی سۆسیال دیموکراتی سوید، پڕۆژە پێشنیازێکی ئامادەکردووە و پێشکەشی پەرلەمانی سویدی کردووە، کە مافی پەنابەرێتی سنووردار دەکات و داوا دەکات یاسای پەنابەری گۆڕانی بەسەردابێت، بەو پێشنیازەش رووبەڕووی رەخنەی بووەتەوە.

لە پەرلەمانی سوید، چارەنووسی هەزاران پەنابەر یەکلایی دەکرێتەوە، پارتی سوسیال دیموکراتی سوید، کە بە درێژایی تەمەنی پشتیوانی لە پەنابەر کردووە، وەک یەکەم پارتی سەرەکی سوید  دەرگاکانی سویدی بۆ پەنابەران بە کراوەیی هێشتووەتەوە، بەڵام ئێستا پێشنیازی یاسای مافی مانەوەی کاتی و مەرجی خۆبژێوی لە کاتی هێنانی خێزان دەداتە پەرلەمان.

تۆماس هەماربەری، ئەندام پەرلەمان لە پارتی سۆسیال دیموکرات بە کوردستان24ی گوت: "کێشەی ئەم پێشنیازە ئەوەیە کە ھەندێک لە پارتەکان پێیان وایە، ئەم پێشنیازە زۆر باشە، بەڵام لە راستیدا دژی  ھەموو پەنابەرانە. لەبەر ئەوەی کاتێک کە رێگاکان سەختتر دەکەن بۆ  هێنانی خێزانەکانیان بۆ ئێرە، ژیان بۆیان گرانتر دەبێت و ناتوانن تێکەڵاوی کۆمەڵگە ببن و بەردەوام لە ناو دوودڵیدا دەژین. ئەم یاسایە ھیچ یارمەتیەک بۆ باشتر بوونی بارودۆخی سوید ناکات و بارودۆخە ھەتا دێت بۆ پەنابەر و بۆ سویدیش دژوار تردەکات".

گوتیشی: "ئەگەر بمانەوێت بارودۆخەکە چاک بکەین، دەبێ دڵنیایی مانەوەی هەمیشەییان پێبدەین، دەنا چۆن دەتوانن تێکەڵاوی ئەم کۆمەڵگایە بن، لەکاتێکدا کە ھەموومان دەزانین زمانی سویدی زمانێکی زۆر سەختە بۆ فێربوون، هاوکات ئەوان  ھەموو کات بیر لەوە بکەنەوە کە رۆژێک دەکرێنە دەرەوە لە سوید".

وێڕای رەخنەی هەندێک لە پەرلەمانتارانی سویدی، بەڵام بەشێک لە پەرلەمانتارانی بیانیش، کە رۆژێک لە رۆژان خۆیان پەنابەر بوون، ئێستا لەگەڵ ئەو پێشنیارەن و پێیان وایە،  وەرگرتنی پەنابەری زیاتر دەبێتە هۆی بارگرانی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی بۆ سوید.

لەوبارەوە لاوێن رێدار، ئەندام پەرلەمان لە پارتی سۆسیال دیموکرات بە کوردستان24ی گوت: "ئەم پێشنیارە یاسایە، دوای بڕیاری پەرلەمانی سوید و لەکاتی بوون بە یاسا چاوەڕێدەکرێت لە کۆتایی مانگی شەشی ئەمساڵەوە بکەوێتە واری جێبەجێکردن، بەمشێوەیەش داهاتووی زۆرێک لە پەنابەرانی دانیشتووی سوید کە پەنابەریان وەرنەگرتووە، دەخاتە مەترسییەوە و داهاتوویەکی  نادیار چاوەڕێیان دەکات و مانەوەی تەواو بۆ هیچ کەسێک نامێنێت و مانەوەی هەمووان دەبێتە کاتی لێرە".

ه.م