محەمەد حاجی مەحموود: دەبێ یەكێتی گومانەكانی پارتی بڕەوێنێتەوە

"پارتی ھەقی خۆیەتی ئەگەر جۆرێك لە نیگەرانی ھەبێت"
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/f372e18b-d9aa-4d1b-86a1-1e9277042125/Rekawtny%20YNK%20u%20GoRRan.ism/manifest

K24 - سلێمانی

سکرتێری حزبی سۆشیالستی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، دوای رێكەوتنەكەی یەكێتی و گۆڕان رەنگە پارتی گومانی ئەوەی ھەبێت یەكێتی ساغ بووەتەوە لەگەڵ گۆڕان و بێلایەنی لە دەستداوە، بۆیە دەبێ یەكێتی ھەوڵبدات ئەو گومانە لای پارتی بڕەوێنێتەوە.

محەمەدی حاجی مەحموود، سکرتێری حزبی سۆشیالستی دیموکراتی کوردستان لە لێدوانێكدا بۆ (كوردستان24) رایگەیاند: "پێش ماوەیەك یەكێتی بێلایەن بوو لە نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان، بەڵام لە دوای ئەو رێككەوتنە رەنگە پارتی گومانی ئەوەی ھەبێت یەكێتی بێلایەنی لە دەستداوە یان ساغ بووەتەوە لەگەڵ گۆڕان پێكەوە، دەبێ یەكێتی نیشتمانی كوردستان وەك ھەستكردن بە بەرپرسیاریەتی مێژوویی ھەوڵبدات ئەو تەمومژە لای پارتی بڕەوێنێتەوە".

ئەبوکاروان، ئەندامی مەکتەبی سیاسی حزبی شیوعی کوردستان کوردستان پێیوایە دەبوو پارتی دیموكراتی كوردستان لە کاردانەوەکانی رێكکەوتنەکەی دەباشان کاتی زیاتری بدایە بە جێبەجێکردنی رێکكەوتن نامەکە و کاردانەوەکەی مەکتەبی سیاسی پارتی پەلەپەلی پێوە دیارە ئەو گوتی: "پارتی دیموكراتی كوردستان ھەقی خۆیەتی ئەگەر جۆرێك لە نیگەرانی ھەبێت، بەڵام لە مامەڵكردن و جۆری جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە زیاتر بۆی روون دەبووەوە و دەیتوانی ھەڵوێستێكی باشتر دەربكات، بۆیە بڕوام وایە پارتی پەلەی كرد".

سەرەتای رێكکەوتننامەی دەباشان دەگەرێتەوە بۆ مانگی 2 ی ساڵی 2012 لە نێوان مام جەلال و نەوشیروان موستەفا  لە ماڵی مام جەلال لە دەباشان، دوای چوار ساڵ و 3 مانگ رۆژی 17 ی ئەم مانگە لە واژوو لەسەر رێككەوتنەكە كرا.