ئەردۆغان: پەكەكە نوێنەری كورد نییە لە توركیا
K24 - ھەولێر
رەجەب تەیب ئەردوغان، سەرۆك کۆماری تورکیا رایگەیاند، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) نوێنەری راستەقینەی کورد نییە لە تورکیا.
له گوتارێکدا لەسەر رەوشی باکووری کوردستان و کێشەی کورد لە تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتی: "ئەنقەرە بەردەوام دەبێت لە ههڵمهتهكانی دژی پەکەکە و نەھێشتنی ھەڕەشەی تیرۆریزم لە باکووری کوردستان".
سەبارەت بهوهی پەکەکە خۆی به نوێنەری کورد لە تورکیادا دهزانێت، ئەردوغان دهڵێ: "ئەوە زۆر دوورە لە راستییەوە و ئەگەر وابێت، بۆچی پەکەکە ئەوانە دەکوژێت کە پڕۆژەی خزمهتگوزاری لە ناوچه كوردییهكاندا جێبەجێ دهكهن یان کرێکار دەکوژێت و ئەندازیار دەڕفێنێت".
لە بەشێكی دیكەی گوتارەكەیدا سەرۆك كۆماری توركیا ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "ئەوە پەکەکەیە قوتابخانە و مزگەوت دەسوتێنێ و باڵەخانەکان دهڕوخێنن".
ئەمە لە كاتێكدایە شەڕ و ئاڵۆزیی لە باكووری كوردستان زیاتر پەرەی سەندووە و ئۆپەراسیۆنی سەربازی توركیا و ھێرشەكانی گەریلاكانی پەكەكە بەردەوامن لە ناو شارەكانی باكووری كوردستان، ئەمەش بووەتە ھۆی تێكچوونی ژیان و گوزەرانی خەڵك.