نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ مەکتەبی سیاسی پارتى كۆبووه‌وه‌

ئاماده‌كردنى ده‌ستوورى هه‌رێمى كوردستان و هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتووى عێراق و چه‌ند پرسێكى ديكه‌، تاوتوێكران
کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ مەکتەبی سیاسی پارتی
کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ مەکتەبی سیاسی پارتی

K24 - هەولێر

له‌ به‌رده‌واميى سه‌ردان و كۆبوونه‌وه‌كانيدا له‌گه‌ڵ لايه‌نه‌ سياسييه‌كان، به‌يانيى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2021/5/5  نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، به‌ ياوه‌ريى  جێگرانى سه‌رۆكی هەرێم، سه‌ردانى مه‌كته‌بى سياسيى پارتى ديموكراتى كوردستانيان كرد و له‌لايه‌ن فازل ميرانى سكرتێر و ئه‌ندامانى مه‌كته‌بى سياسيى پارتى ديموكراتى كوردستانه‌وه‌ پێشوازييان لێكرا.

له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا پرۆسه‌ى سياسى و دۆخى هه‌رێمى كوردستان به‌گشتى، رۆڵى پارتى له‌ كاركردن بۆ كه‌مكردنه‌وه و نه‌هێشتنى ناكۆكيى نێوان لايه‌ن سياسييه‌كان و هه‌نگاونان به‌ره‌و پته‌وكردنى ته‌بايى و يه‌كڕيزيى نێوانيان، دروستكردنى ميكانيزم و چوارچێوه‌يه‌كى نيشتمانى بۆ كۆكردنه‌وه‌ى لايه‌نه‌كان به‌ هه‌موو بيروبۆچوونه‌ جياوازه‌كانه‌وه‌ تا پێكه‌وه‌ به‌ره‌و رووى ته‌حه‌دييه‌كانى ئێستا و داهاتوو ببنه‌وه‌، ئاماده‌كردنى ده‌ستوورى هه‌رێمى كوردستان، هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتووى عێراق و چه‌ند پرسێكى ديكه‌، تاوتوێكران.

نێچيرڤان بارزانى جه‌ختى له‌ رۆڵى پارتى و پێگه‌ى گرنگ و به‌رپرسيارانه‌ى بۆ به‌ديهێنانى ته‌بايى و يه‌كڕيزيى نێوان لايه‌نه‌ سياسييه‌كان و ئارامى و سه‌قامگيريى سياسى له‌ هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه‌ كه‌ ده‌توانێت له‌مباره‌يه‌وه‌ ده‌سپێشخه‌ر و كارا بێت و رۆڵێكى ئه‌رێنيى به‌رپرسانه‌ و نيشتمانى بگێڕێت.

لاى خۆيه‌وه‌ مه‌كته‌بى سياسى پارتى ديموكراتى كوردستان، وێڕاى ستايشى و ده‌ستخۆشى، هه‌موو پشتگيرييه‌كى خۆى بۆ ئه‌رك و ده‌ستپێشخه‌ريى نێچيرڤان بارزانى و سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان و هه‌وڵدانيان له‌پێناو ته‌بايى و پێكه‌وه‌يى و يه‌كڕيزيى لايه‌ن و پێكهاته‌ كوردستانييه‌كاندا دووپاتكرده‌وه‌ و هيواى سه‌ركه‌وتنيان بۆ خواست، هاوبه‌شى و به‌شداريى كاراى پارتيشيان بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ به‌ ئه‌رك و به‌رپرسياريه‌تيى پارتى له‌ قه‌ڵه‌م دا.

کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ مەکتەبی سیاسی پارتی
کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ مەکتەبی سیاسی پارتی