(100) خێزان له کەسوکارانی داعش لە سووریاوە دەگەڕێنرێنەوە بۆ عێراق
K24 - ههولێر:
شێروان دووبەردانی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەسەر بازنەی پارێزگای نەینەوا رایگهیاند، (100) خێزان له کەسوکارانی داعش، کە لە (700) کەس پێکدێن لە کەمپی "هۆل"ی سووریاوە دەگەڕێنرێنەوە بۆ عێراق و لە کەمپی "جەدعە"ی باشووری موسڵ جێگیر دەکرێن.
لایەنەكانی عێراقی هۆشداریی دەدەن لە مەترسی دۆخی خراپی کەمپی "ھۆل" لە سووریا، کە خێزانەکانی چەکدارانی داعش لە خۆدەگرێت و زۆربەشیان عێراقین، شارەزایان ئاماژه بهوه دهكهن، پشتگوێخستنی دۆخی کهمپەکە لەوانەیە لە ئێستا و داهاتووشدا ئەنجامی خراپی بۆ ئاسایشی عێراق لێ بکەوێتەوە.
سەرچاوەیەک لە پۆلیسی عێراق رایگهیاند، ھاتنی ئەو خێزانانە لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا بۆ ناو عێراق بەردەوام بووە.
سەرچاوەكە نەیویستووە ناوی ئاشكرا بكرێت، بۆ "الحرە"ی روونكردهوه، نزیكەی (400) خێزان لە ناوچەیەكی ژێر كۆنترۆڵی چەكدارانی داعش لە "قائیم"ەوە ھاتوونەتە نێو خاكی عێراق.
روونیشكردهوه، بەشێك لەو خێزانانە بەرامبەر پێدانی بڕە پارەیەك لەلایەن قاچاغچییەكانەوە لە ناوچەیەكی "قائیم" نیشتەجێكراون و پارێزگارییان لێدەكرێت. بەشێكی دیكەشیان گواستراونەتەوە بۆ موسڵ و توركیا.
شێروان دووبەردانی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەسەر بازنەی پارێزگای نەینەوا سەبارەت بەو خێزانانەی گواستراونەتەوە بۆ موسڵ ئاشکرای کرد، (100) خێزانی کەسوکاری داعش، کە لە (700) کەس پێکدێن، لە کەمپی "هۆل"ی سووریاوە گەڕێنراونەتەوە عێراق و لە کەمپی "جەدعە"ی باشووری موسڵ جێگیركراون.
ھەروەھا، عەبدولخالق عەزاوی، ئەندامی لیژنەی ئەمنیی پەرلەمانی عێراق، ھۆشداری دا لە سەرھەڵدانەوەی نەوەیەكی دیكەی چەكدارانی داعش و رایگەیاند، جیهان تا ئێستا بێ ئاگایە لە جدیەتی ئەوەی لە کەمپی "ھۆل" روودەدات، كە هەزاران سەرکردە و چەكدارانی داعش لەگەڵ خێزانەکانیان لەوێ دەژین.
پێشتر چەندین لایەنی سیاسی، هۆشدارییانداوە لە گەڕاندنەوەی ئەو خێزانانەی داعش و بە بۆمبی تەوقیتکراو پێناسەکراون.
زیاتر لە (60) هەزار کەس لە کەمپی "هۆل"دان و لەو ژمارەیەش (30) هەزار و (738) کەسییان عێراقیین و کەسوکاری داعشن.
د.ی