مه‌سرور بارزانی: نیگەرانم لە زیادبوونی توندوتیژی و دەستدرێژی بەرامبەر بە کچان و ژنان لە کوردستان

مه‌سرور بارزانی: لە چەند هەفتەی داهاتوودا، میوانداری داکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤ و گرووپەکانی کۆمەڵگەی مه‌ده‌نی ده‌كه‌م بۆ گفتوگۆکردن و دۆزینەوەی رێگاچارەکان و یه‌كخستنی هه‌وڵه‌كان
ئەمڕۆ چوارشەمە 2021/5/5 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان کرد
ئەمڕۆ چوارشەمە 2021/5/5 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان کرد

K24 – هه‌ولێر:

مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ رێی هه‌ژماری خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر، رایگه‌یاند، له‌ چه‌ند  هه‌فته‌ی داهاتوودا میوانداری داكۆكیكارانی مافه‌كانی مرۆڤ و گرووپه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی ده‌كات بۆ دۆزینه‌ی رێگه‌ چاره‌ و هه‌وڵدان بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی توندوتیژی دژ به‌ ژنان.

مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ تویتێكدا نووسیویه‌تی: "نیگەرانم لە زیادبوونی توندوتیژی و دەستدرێژی بەرامبەر بە کچان و ژنان لە کوردستان، ئه‌مه‌ دواکەوتووییە و دژی بەها بەرزەکانی کۆمەڵگەکەمانە، بۆیە سوورین له‌ سەر ئەوەی كاربكه‌ین بۆ كۆتاییهێنان به‌م دیارده‌یه"‌.

پۆسته‌ری تویته‌كه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌ت
پۆسته‌ری تویته‌كه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌ت

هه‌روه‌ها نووسیویه‌تی: "لە چەند هەفتەی داهاتوودا، میوانداری داکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤ و گرووپەکانی کۆمەڵگەی مه‌ده‌نی ده‌كه‌م بۆ گفتوگۆکردن و دۆزینەوەی رێگاچارەکان و یه‌كخستنی هه‌وڵه‌كان، لە پێناو ئامانجی هاوبەشمان کە کوردستانێکی سەلامەتترە بۆ هەمووان".

هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، سه‌رۆكی حكومه‌ت باسی له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی له‌گه‌ڵ دامه‌زراوه‌كانی تایبه‌ت به‌ پرسی ژن كردووه‌ و نووسیویه‌تی: "ئەمڕۆ گوێم لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هه‌رێم گرت دەربارەی بەرەنگاربوونەوە و سنووردانان بۆ ئە‌م دیاردەیه‌، وەک برەودان بە هۆشیاری کۆمەڵایەتی و ئاماده‌كردنی پرۆژه‌ یاسا کە یەکسانی پێشدەخەن و لە ئاست داواكاری و مافەکانی ئافرەتانە، هەروەها باشترکردنی دۆخی شێڵته‌ره‌كان".

ئه‌م تویتانه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌ت دوای ئه‌وه‌ هاتن، كه‌ ئەمڕۆ چوارشەمە 2021/5/5 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان کرد.

ده‌قی تویته‌كان
ده‌قی تویته‌كان

لە کۆبوونەوەکەدا کە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت و ژمارەیەك لە وەزیرە پەیوەندیدارەکان ئامادەی بوون، وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی بەرامبەر رووداوەکانی توندوتیژی دژی ژنان و توندوتیژی خێزانی بە‌گشتی، گفتوگۆ دەربارەی رێکارەکانی بەرەنگاربوونەوە و سنووردانان بۆ ئە‌و دیاردە نەشیاوانە‌ کرا.

سەرۆکی حکومەت پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بە پاراستن و داکۆکیکردن لە مافەکانی ئافرەتان و رووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی بە گشتی و بەتایبەتی بەرامبەر ئافرەتان دووپات کردەوە لە رێگەی بەهێزکردنی پێگەی ئافرەتان لە ناو حکومەت و کۆمەڵگە و دابینکردنی هەلی كار و جێبەجێکردنی یاساکان و بەهێزکردن و کاراترکردنی رۆڵی دادگاکان و دەستگیرکردنی و بە سزاگەیاندنی ئەو تاوانبارانەی توندوتیژی ئەنجام دەدەن.

لە کۆبوونەکەدا کۆمەڵێك بڕیار و ڕاسپاردە بۆ سنووردارکردنی تووندوتیژی دژی ئافرەتان تاووتوێ کرا. لەم رووەوە داوا لە دەزگاکانی راگەیاندن کرا کە هاوکار بن و رۆڵی گرنگیی خۆیان لە رووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی و پەرەپێدانی هوشیاری کۆمەڵایەتی بگێڕن و نەبنە سەکۆیەك بۆ هاندانی توندوتیژی و زیاتربوونی دیاردە کۆمەڵایەتییە نەشیاوەکان.