ناسنامەی ئەو کچە ئاشکرا کرا کە لە سلێمانی خۆی لەسەر پردێک فڕیدا

کەسوکاری کچەکە دۆزراونەتەوە
تەرمی ئەو کچەی خۆی لە پردەکە فڕیداوە - دوای رووداوەکە
تەرمی ئەو کچەی خۆی لە پردەکە فڕیداوە - دوای رووداوەکە

K24 - سلێمانی

هێزەكانی پۆلیس لە سلێمانی ناسنامەی ئەو كچەیان ئاشكراكرد، كە لەسەر پردی وڵوبە خۆی هەڵدایە خوارەوەو گیانی لەدەستدا.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند: "پاش ئەوەی دوێنێ 5/5/2021، كچێك لەسەر پردی وڵوبەی شاری سلێمانی خۆی هەڵدایە خوارەوەو گیانی لەدەستدا، ناسنامەكەی نادیاربوو، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی سەرجەم بەش ‌و بنكەكانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی راسپارد كە بە دواداچوون ‌و لێكۆڵینەوەی خێرا بۆ ئاشكراكردنی ناسنامەی قوربانییەكەو هۆكاری رووداوەكە ئەنجامبدەن. دوای لێكۆڵینەوەكانی پۆلیس، ئێوارەی هەمان رۆژ توانرا ناسنامەی كچەكە ئاشكرا بكرێت‌ و کەسوکاری بدۆزرێتەوە، دەركەوت كچەكە ناوی (م، أ، م) و لە دایكبووی ساڵی 2001 و پیشەی خوێندكارەو دانیشتووی گەڕەكی هوانەی شاری سلێمانییە".

لە راگەیەندراوی پۆلیسی سلێمانی ئاماژە بەوەشکراوە: "بەپێی لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكانی پۆلیس، كچەكە سەرلەبەیانی دوێنێ بە مەبەستی چوونی بۆ خولێك لەگەڵ براكەیدا لەماڵ چووەتە دەرەوە، پاش جیابوونەوەی لە براكەی چووەتە سەر پردی وڵوبە و خۆی هەڵداوەتە خوارەوەو بەوهۆیەوە گیانی لەدەستداوە".

پۆلیسی سلێمانی راشیگەیاند: "لێكۆڵینەوەكانی پۆلیس بۆ ئاشكراكردنی هۆكاری رووداوەكە بەردەوامە و لەلایەن بنكەی پۆلیسی سەیوانەوە پەڕاوی لێكۆڵینەوه بۆ رووداوەكە كراوەتەوە".