کۆمپانیای شاماران: بەرهەمهێنان لە کێڵگەی ئەترووش گەیشتووەتە 42000 بەرمیل نەوتی رۆژانە

کۆمپانیای شاماران ئەنجامی کارەکانی چارەکی یەکەمی ئەمساڵی بڵاوکردەوە
کێڵگەی نەوتی ئەترووش لە سنووری پارێزگای دهۆک
کێڵگەی نەوتی ئەترووش لە سنووری پارێزگای دهۆک

K24 - هەولێر 

كۆمپانیای شاماران ئەنجامی دارایی و بەکاربردن ئەنجامە پەیوەستەکانی کارگێڕی و شیکارییەکانی بۆ سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵ بڵاوکردەوە.

کۆمپانیای شاماران لە راگەیەندراوێکدا، کە کۆپیەکی دەست کوردستان24 کەوتووە، بڵاویکردووەتەوە، قازانجەکانیان بە لێدەرکردنی سوود و باج و بەکاربردن زیادیکردووە، هەروەها توانیویانە 104%ـی قەرزەکانیان بگەڕێننەوە و قەواڵەکانیش بە بەهای 10 ملیۆن دۆلار بەر لە وادەی خۆی بدنەوە.

د. عادل شاوش، سەرۆک و بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە رایگەیاند، کۆمپانیاکەیان تیشکی سەرەکی خستووەتە سەر رێکخستنی دارایی و کەمکردنەوەی قەرزەکان. قازانجەکانیان لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵ بە لێدەرکردنی سوود و باج و بەکاربردنەوە گەیشتووە 13.5 ملیۆن دۆلار کە زیاتر لە دوو هێندە بووە بەراورد بە ساڵی رابردوو.

هاوکات لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، دەستیان بە جێبەجێکردنی ژمارەیەک لە پڕۆژەکانیان کردووەتەوە کە بەهۆی پەتای کۆرۆناوە هەڵپەسێردرابوون، هەروەها بەرهەمهێنانیان لە کێڵگەی ئەترووش کە دووەم  گەورەترین کێڵگەی نەوتییە لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە 42000 بەرمیل نەوتی رۆژانە. هاوشانی ستراتیژیەتی دارایی چەندین رێوشوێنی دیکەیان گرتووەتە بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکان، لە دیارترینیان باشترکردنی توانای بەرهەمێنانە کە وابەهۆیەوە خەرجییەکانی بەرهەمهێنان باشتر بووە.

 لە راگەیەندراوەکاندا، سەرۆکی کۆمپانیاکە گەشبینی خۆی بۆ ساڵی 2021 رادەگەیەنێت و دەڵێت، لە دۆخێکی باشدان و دەتوانن سوود لە دەرفەتەکانی بازاڕ وەربگرن.

هەر بە گوێرەی راگەیەندراوەکە کۆی بەرهەمهێنانیان تاوەکو 4 کانوونی دووەمی  ئەمساڵ 40 ملیۆن بەرمیل بووە، لە کاتێکدا کۆرۆنا کاریگەری گەورەی هەبووە لەسەر بازاڕی نەوت و بەهۆیەوە ناچاربوونە پرۆگرامەکانی گەشەپێدان لە 2020 کەمبکەنەوە.

لە هەمان کاتدا، تێکڕای بەرهەمهێنان لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵ 38،212 بەرمیل نەوتی رۆژانە بووە، بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو کەمێک کەمتر بووە، هۆکاری سەرەکی ئەو کەمبوونەوەش بۆ دواخستنی پەرەپێدانی بیرەکان دەگەڕێتەوە.

هەروەها تێچووی بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێک نەوت گەیشتووەتە 5.12 دۆلار کە بەراورد بەساڵی رابردوو 13٪ دابەزیوە.

لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵ قازانجی کۆمپانیاکە گەیشتووەتە 13.5 ملیۆن دۆلار، کە بە دەرکردنی سوود و باج و خەرجییەکانەوە زیاتر لە دوو هێندەی هەمان ماوەی ساڵی 2020 بووە.

ئەو کۆمپانیایە بڵاویکردووەتەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان 41.7 ملیۆن دۆلاری شایستەی کۆمپنایەکەی بۆ مانگی تشرینی دووەمی 2019 تاوەکو شوباتی 2020 داوەتەوە. پێشبینیش دەکەن بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە 12 مانگی داهاتوو سەرجەم شایستەکانیان وەربگرنەوە.