بە پشتیوانی بەرهەمی تاوکێ كۆمپانیای DNO دەگەڕێتەوە ئاستی قازانج کردن

ئەو قازانجە بەرچاوەش بۆ زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنان لە هەرێمی کوردستان و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دەگەڕێتەوە.
كێڵگه‌یه‌كی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان
كێڵگه‌یه‌كی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان

K24 – هه‌ولێر:

کۆمپانیای DNOـی نەرویجی رایگەیاند، قازانجی کارەکانیان لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵ گەیشتووەتە 66 ملیۆن دۆلار، ئەوەش دوای تۆمارکردنی چوار وەرزی زیانکردن بە دوای یەک کە بەهۆی دەرهاویشتەکانی پەتای کۆرۆناوە بووە.

ئەو قازانجە بەرچاوەش بۆ زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنان لە هەرێمی کوردستان و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دەگەڕێتەوە.

سەرەتای ئەمساڵ کۆمپانیاکە، لە رێگەی هەڵکەندنی بیری نوێ و نۆژەنکردنەوەی بیرەکان لە مۆڵەتی تاوکێ ئاستی بەرهەمهێنانی بەرزکردەوە، بە شێوەیەک بەرهەمهێنان لە هەردوو کێڵگەی تاوکێ و پێشابوور بۆ 112،000 بەرمیل نەوتی لە چارەکی یەکەمی 2021 بەرزبووەتەوە. لە کاتێکدا کۆمپانیای DNO خاوەنداری 75٪ـی مۆڵەتی تاوکێ دەکات و رێژەکەی دیکە لە لایەن Genel Energy plc خاوەنداری دەکرێت.

بیژەن موسافر رەحمانی سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیاکە رایگەیاند، کۆمپانیاکەیان هاوشێوەی کۆمپانیاکانی دیکە، بەهۆی زیادبوونی خواست لەسەر نەوت و بەرزبوونەوەی نرخەکەی قازانجی کردووە و رەوشی داراییەکەی باش بووە.