کۆمپانیای مۆدێرنا کاریگەری ڤاکسینەکەی لەسەر هەرزەکاران ئاشکرا دەکات

تاقیکردنەوە لەسەر هەرزەکارانی تەمەن 12 بۆ 17 ساڵان کراوە

K24- هەولێر:

کۆمپانیای بەرهەمهێنانی دەرمانی ئەمەریکی، مۆدێرنا، بڵاویکردەوە، ڤاکسینەکەیان لە هەرزەکارانی تەمەن 12 بۆ 17 ساڵان، بە رێژەی 96٪ کاریگەریی هەبووە.

کۆمپانیایەکە تاقیکردنەوەی لەسەر سێ هەزار و 235 هەرزەکار کردووە و دەرکەوتووە، 96٪ـی ئەو هەرزەکارانە، دوای وەرگرتنی ڤاکسینی کۆرۆنا، بەرگریان دژی ڤایرۆسەکە دروستکردووە.

لە راگەیەندراوێکی مۆدێرنا هاتووە، هیچ مەترسییەک بۆ هیچ یەکێک لەو هەرزەکارانە دروستنەبووە و ڤاکسینەکە تەواو سەلامەت بووە.

لە ماوەی 35 رۆژ، بەشداربووەکان دوو ژەمە ڤاکسینیان دراوەتێ و چەند نیشانەیەکی کاتییان هەبووە. وەک هەستکردن بە ماندوویەتیی و سەرئێشە.

سەرەڕای تاقیکردنەوەکان، تاوەکو ئێستا تەنها لە کەنەدا مۆڵەتدراوە، هەرزەکاران بە ڤاکسینی کۆرۆنا بکوترێن، هەردوو کۆمپانیای فایزەر و بیۆتێک داوایان لە ئەمەریکا و ئەوروپا کردووە، ڤاکسینەکەیان بۆ تەمەنی 12 ساڵ تاوەکو 17 ساڵ بەکاربهێندرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا مۆڵەتیان وەرنەگرتووە.

France24