له ئه‌مه‌ریكا منداڵێكی شه‌شی سه‌ره‌تایی سێ كه‌سی به ده‌مانچه بریندار كرد
K24 – هه‌ولێر:
كچه منداڵێكی پۆلی شه‌شی سه‌ره‌تایی له قوتابخانه‌یه‌كی ویلایه‌تی ئایداهۆی خۆرئاوای ئه‌مه‌ریكا به چه‌ك ته‌قه‌ی له هاوڕێكانی كرد و سێ كه‌سی بریندار كرد.
ستیڤ ئه‌ندرسۆن، فه‌رمانده‌ی پۆلیسی جیفرسۆن، له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا گوتی: ئه‌و كچه منداڵه ده‌مانچه‌یه‌كی له جانتای خۆیدا شاردووه‌ته‌وه.
گوتیشی: له كاتی چوونی بۆ قوتابخانه، كچه منداڵه‌كه له ناو پاسدا ته‌قه‌ی له هاوڕێكانی كردووه.
روونیكرده‌وه، له ئه‌نجامی ئه‌و رووداوه، دوو منداڵ و كارمه‌ندێكی قوتابخانه‌كه بریندارن.
به گوێره‌ی زانیاری پۆلیس، یه‌كێك له مامۆستاكان له ناو پاسه‌كه بووه و توانیویه‌تی زوو ده‌مانچه له منداڵه‌كه بستێنێت و دوای گه‌یشتنی پۆلیس راده‌ستی پۆلیسی بكات.
پۆلیسی ئه‌مه‌ریكا هیچ زانیارییه‌كی له باره‌ی ناسنامه‌ی قوتابییه‌كه و ته‌مه‌نی و هۆكاری ته‌قه‌كردنه‌كه‌ی نه‌خستووه‌ته‌ڕوو.