موسڵمان و یارسان به ئاسووده‌یی ده‌ژین
K24- هه‌ولێر:
کاکەییەکانی هەڵەبجە، کە پەیڕەوی ئایینی یارسانن، ساڵانێکی دوور و درێژە بە ئاشتی و ئاسودەیی لەگەڵ موسوڵمانەکان ژیان بەڕێدەکەن و لە مانگی رەمەزاندا رێزیکی زۆر لەو مانگە دەگرن و خانمەکانیان سەرپۆش لەسەر دەکەن، لەبەرچاوی موسوڵمانان خواردن و خواردنەوە ناخۆن و هه‌ندێك له دوکاندارەکانیان کارەکانیان بەبێ بەرامبەر دەکەن، لە جەژنیشدا سەردانی یەکتر دەکەن و جەژنە پیرۆزە دەکەن.
ساڵانێکە پێکەوە دەژین، بەشدارن له خۆشی و ناخۆشی یەکتر، کاکەییەکان و موسوڵمانەکانی هەڵەبجە پەیوەندییەکی پتەو لەنێوانیاندا هەیە، کاکەییەکان رێزیکی زۆر لە مانگی رەمەزان دەگرن، ئەم رێزگرتنەش لەپیرۆزییەکانی یەکتر، وایکردوە بتوانن ساڵانێکی دوور و درێژ بە ئاسودەیی پێکەوەبژین.
هەڵۆ نادر، یەکێکە لە پەیڕەوانی ئایینی یارسان، هەموو ساڵێك لە دەستپێکی مانگی رەمەزاندا رۆژێك بەبێ بەرامبەر سەر بۆ هاووڵاتیانی شارەکەی چاک دەکات و لە تەواوی مانگەکەشدا بە کەمترین نرخ کاردەکات.
بەدەر لەوەی لەبەر چاوی موسوڵمانەکان لەمانگی رەمەزان خواردن و خواردنەوە ناخۆن، خانمەكانیشیان بۆ رێزگرتن لەم مانگە سەرپۆش لەسەردەکەن و ژمارەیەك خاوەن دوکانیش کە پەیڕەوی ئایینی یارسانن، بێ بەرامبەر کار بۆخەڵکی دەکەن، ئەمەش مایەیی دڵخۆشییە بۆ موسوڵمانانی شارەکە و مامۆستایانی ئایینی، ئەم هەڵوێستەیان بەرز دەنرخێنن.
مامۆستا عه‌بدولحه‌مید هەڵەبجەیی، سەرۆکی لقی یەکێتی زانایانی ئايینی هەڵەبجە گوتی: "ئێمه هه‌ردوو لامان پشتیوانی یه‌كترین، نموونه‌ی ئه‌و پشتیوانییه‌ش له‌لایه‌ن یارسانه‌كانه‌وه زۆره، جگه له‌وه‌ی له مانگی ره‌مه‌زاندا بێبه‌رامبه‌ر خزمه‌ت به موسڵمانان ده‌كه‌ن، سه‌رتاشێكیش له یادی له‌دایكبوونی په‌یامبه‌ر، بڕیاری دا له‌و مانگه‌دا سه‌ری هه‌موو كه‌سێك به خۆڕایی بتاشێت، هه‌موویان رێزی مانگی ره‌مه‌زان ده‌گرن و ره‌چاوی هه‌ستی موسڵمانان ده‌كه‌ن".
کاکەییەکانی هەڵەبجە، رێزێکی زۆر لەمانگی رەمەزان دەگرن، هەر ئەم یەکتر قبوڵکردنەش هۆکار بووە، کە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیان بەهێزبێت و ژن و ژنخوازی لەنێوانیاندا دروست ببێت و ساڵانیکی دورودرێژیشه پێکەوە بەئاشتی و ئاسودەیی بژین.
د.ی