کۆمپانیای "فۆرزا پێترۆلیۆم" ئاماری دارایی و بەکاربردنی چارەگی یەکەمی ئەمساڵی بڵاوکردەوە

لە (3) مانگی یەکەمی ئەمساڵ زیاتر له‌ (673) هه‌زار بەرمیلی بەرهەمهێناوە
كێڵگه‌یه‌كی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان
كێڵگه‌یه‌كی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان

K24 - هه‌ولێر:

کۆمپانیای "فۆرزا پێترۆلیۆم" ئەنجامی دارایی و بەکاربردنی (3) مانگی یەکەمی ئەمساڵی بڵاوکردەوە، و دەریخستووە كە لە (3) مانگی یەکەمی ئەمساڵدا زیاتر له‌ (673) هه‌زار بەرمیلی بەرهەمهێناوە.

بە گوێرەی بڵاوکراوەکەی کۆمپانیای "فۆرزا"، داهاتیان لە چارەگی یەکەمی ئەمساڵ گەیشتووەتە (35.7) ملیۆن دۆلار و نرخی هەر بەرمیلێکی فرۆشراویش بە تێکڕا (44.44) دۆلار بووە، بۆ فرۆشتنی (673) هه‌زار و (400) بەرمیل و هەروەها (5.8) ملیۆن دۆلار شایستەشیان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەرگرتووە.

ئەمە جگە لە وەرگرتنی (10.1) ملیۆن دۆلار وەک شایستەی نەوتی پێشووی، بەمەش کۆمپانیاکە سەرجەم شایستەکانی بە گوێرەی گرێبەستی هاوبەشی بەرهەمهێنان بۆ کۆی فرۆش لە رێگەی بۆڕی نەوتی کوردستان تاوەکو مانگی شوباتی (2021) وەرگرتووە.

لە بڵاوکراوەکەدا هاتووە، خەرجی بەرهەمهێنانی مەیدانی، (4.5) ملیۆن دۆلار بووە لە چارەگی یەکەمی ئەمساڵ بەراورد بە (5.9) ملیۆن دۆلار لە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو. هەروەها تێچووی بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوت (5.89) دۆلار بووە بەرامبەر بە (6.97) دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک لە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو.

بەمەش تێچووی بەرهەمهێنان لە کێڵگەکە بە رێژەی (15%) دابەزیووە بەراورد بە (3) مانگی یەکەمی ساڵی (2020)، هۆکارەکەشی بۆ کەمبوونەوەی خەرجییەکانی ئاسایش و سووتەمەنی و تێچووەکانی نۆژەنکردنەوەی بیرەکانی Banan-4 دەگەڕێتەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە لە کۆتایی ساڵی رابردوو کۆمپانیای "ئۆرێکس" کە لە سنووری پارێزگای هەولێر لە کێڵگەی "بانان" کاردەکات، روونیكرده‌وه‌، لە ژێر ناونیشانی "فۆرزا" لە کارەکانیان بەردەوام دەبن.

 

د.ی