نێیمار خیانه‌تی له‌ بارسێلۆنا و لاپۆرتا كردووه‌

نێیمار دا سیلبڤا ئه‌ستێره‌ی به‌رازیلی یانه‌ی پاریس سانجێرمان
نێیمار دا سیلبڤا ئه‌ستێره‌ی به‌رازیلی یانه‌ی پاریس سانجێرمان

خوان لاپۆرتا دوای وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆکایەتی یانەی بارسێلۆنا، یەکەم هەنگاوی ناردنی نوێنەرەکانی بوو بۆ پاریس، لە پێناو رازیکردنی نێیمار داسیلڤا بۆ نوێ نەکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ سانجێرمان، سەرەرای ئەوەی یاریزانە بەڕازیلیەکە بەڵێنیدابوو کە گرێبەستەکەی نوێ ناکاتەوە، بەڵام بە پێچەوانەوە گرێبەستەکەی نوێکردەوە و کارگێری بارساش دەڵێن نیمۆ خیانەتی لێ کردووین.

نێیمار داسیلڤا هێرشبەری بەڕازیلی یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسا، پێش ئەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ ئەو یانەیە نوێ بکاتەوە، بەڵێنی بە خوان لاپۆرتا سەرۆکی بارسێلۆنا و نوێنەرەکانی ئەو یانەیە دابوو گرێبەستەکەی نوێ ناکاتەوە و دەگەڕێتەوە کامپ نۆ.

ساڵی 2019 تەنها دوای دوو ساڵ کارگێری ئەو کاتەی یانەی بارسێلۆنا بە سەرۆکایەتی جۆزێپ ماریا بارتیمیۆ، لەسەر داوای لیۆنێل میسی گۆڵکاری مێژوویی یانەکەی زۆر هەوڵیاندا کە نێیمار بگەڕێننەوە کامپ نۆ، بەڵام کارگێری شازادەکان رەتیکردەوە دەستبەرداری ئەو یاریزانە بێت.

ئەمجارەیان دوای گەرانەوەی خوان لاپۆرتا بۆ سەرۆکایەتی ئەو یانەیە، جارێکی دیکە هەوڵەکان بۆ گەڕاندنەوەی نیمۆ دەستیان پێکردەوە، ناوبراو دوای وەرگرتنەوەی کورسی سەرۆکایەتی، هەر زوو نوێنەرەکانی رەوانەی پاریس کرد بۆ ئەوەی نێیمار رازی بکەن گرێبەستەکەی نوێ نەکاتەوە.

کارگێری بارسێلۆنا بەڵێنی بە گۆڵکارە بەڕازیلیەکە دابوو کە ئەم هاوینە بەرامبەر 100 ملیۆن یۆرۆ بگەڕێننەوە کامپ بۆ، ئەویش لە پێناو رازی کردنی لیۆنێل میسی بە نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی، چونکە یەکێک لە مەرجەکانی ئەو یاریزانە بوو.

نێیمار بەڵێنی بە نوێنەرانی یانەی بارسێلۆنادا کە گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس سانجێرمان نوێ ناکاتەوە، چونکە ئەو نابێتە بەشێک لە پرۆژەی داهاتووی ئەو یانەیە و هەموو ئاواتی گەڕانەوەیە بۆ لای میسی، کەچی گرێبەستەکەی تاوەکو ساڵی 2025 نوێ کردەوە، بۆیە خوان لاپۆرتا پێیوایە ئەم یاریزانە خیانەتی لە ئەوان کردووە.