باوكی پێشمه‌رگه رفێندراوه‌كه‌ی زڕگوێز: كوڕه‌كه‌م راده‌ستی ده‌زگایه‌كی ئه‌منی كراوه و مانگێكه بێ سه‌روشوێنه
K24 – هه‌ولێر:
پێشمه‌رگه‌یه‌كی كۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕی زه‌حمه‌تكێشانی ئێران له لایه‌ن حزبه‌كه‌یه‌وه راده‌ستی ده‌زگایه‌كی ئه‌منی سلێمانی كراوه و ماوه‌ی نزیكه‌ی مانگێكه بێسه‌روشوێنه.
رۆژی سێشه‌ممه (13ی نیسان/ ئه‌پریڵی 2021)، سمكۆ به‌نه‌فشی پێشمه‌رگه‌ی كۆمه‌ڵه، كه له‌لایه‌ن به‌رپرسه‌كه‌یه‌وه بۆ ئه‌ركی حزبی ره‌وانه‌ی سلێمانی كرابوو، رفێندرا و ئێواره‌ی هه‌مان رۆژ ئۆتۆمبێله‌كه‌ی به به‌تاڵی له‌ناو شار دۆزرایه‌وه، پێنج رۆژ دواتر ده‌ركه‌وت له‌لایه‌ن هێزه ئه‌منییه‌كانی سلێمانییه‌وه رفێنراوه و كۆمه‌ڵه كه تا ئه‌وكات په‌رۆشی دۆزینه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌كه‌ی بوو.
دواتر كۆمه‌ڵه راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه و رایگه‌یاند، "له رۆژی یه‌كه‌مه‌وه ئاگادار كراونه‌ته‌وه سمكۆ له‌لایه‌ن هێزه ئه‌منییه‌كانی سلێمانییه‌وه به بڕیاری دادوه‌ر گیراوه".
به گوێره‌ی زانیارییه میدیاییه‌كان، "هاوسه‌ری سمكۆ له‌ناو زڕگوێز پێشمه‌رگه‌یه و له‌گه‌ڵ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی كۆمه‌ڵه، له‌لایه‌ن ئه‌منیه‌تی ئه‌و حزبه‌وه هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی لێ كراوه كه ئه‌گه‌ر هیچ به‌دواداچوون یان لێدوانێكی رۆژنامه‌وانی له‌باره‌ی كه‌یسی هاوسه‌ره‌كه‌ته‌وه بده‌ی، وه‌ك هاوبه‌شی سمكۆ هه‌ژمار ده‌كرێی و خۆت به‌رپرسیار ده‌بیت له چاره‌نووسی خۆت".
سه‌ره‌ڕای دیارنه‌مانی چاره‌نووسی ئه‌و پێشمه‌رگه‌یه، تا ئێستا هیچ ده‌زگایه‌كی ره‌سمی له سلێمانی هیچ زانیارییه‌كی له‌و باره‌یه‌وه رانه‌گه‌یاندووه.
عه‌لی به‌نه‌فشی، باوكی پێشمه‌رگه‌كه له چاوپێكه‌وتنێكیدا له‌گه‌ڵ "وشه" رایگه‌یاندووه، كۆمه‌ڵه ئاماده نییه به‌دواداچوون بۆ كه‌یسی كوڕه‌كه‌ی بكات و به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی كۆمه‌ڵه پێی وتووه "ئه‌گه‌ر به‌دواداچوونی بۆ بكه‌ین ئێمه‌ش ده‌گرن".
باوكی ئه‌و پێشمه‌رگه‌یه ئه‌وه‌شی وتووه: له رۆژی یه‌كه‌مه‌وه چوومه‌ته لای پارێزه‌رێكی به ئه‌زموون له سلێمانی و ئه‌و بۆ به‌دواداچوونی دۆسیه‌ی سمكۆ چووه بۆ دادگا كه له‌وێ دۆست و ئاشنای هه‌یه، هه‌واڵی كوڕه‌كه‌ی منی له سه‌رۆكی دادگا پرسیوه و دادوه‌ر پێی گوتووه، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئاگاداری ئه‌و دۆسیه نین و هیچ بڕیارێكی له‌و شێوه‌یه‌مان بۆ گرتنی نه‌داوه.
هه‌روه‌ها وتویه‌تی: بێگومانم راده‌ستكردنی كوڕه‌كه‌م به لایه‌نه ئه‌منییه‌كانی سلێمانی، پیلانێكی داڕێژراو بووه و له كۆمه‌ڵه به‌و كوڕه‌ی منیان گوتووه به‌بێ چه‌ك و به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ پێشمه‌رگه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ بێت، ناردوویانه بۆ باره‌گای په‌یوه‌ندییه‌كانی كۆمه‌ڵه له سلێمانی، ئینجا به‌ر له‌وه‌ی سمكۆ له كه‌مپ ده‌ربچێت، پیاوه‌كانی عه‌بدوڵڵا ئازه‌ربار به چه‌كه‌وه هاتوونه‌ته ده‌ر و له رێ بۆسه‌یان بۆ داناوه‌ته‌وه، هاوكات له‌گه‌ڵ رفاندنی كوڕه‌كه‌م له كاتژمێر 10:00ی پێش نیوه‌ڕۆی رۆژی 13ی نیسان، كۆمه‌ڵه ده‌چن له‌ناو كه‌مپی زڕگوێز ناوماڵه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێن و سه‌رجه‌م كه‌لوپه‌له‌كانی ده‌به‌ن، بۆیه هیچ گومانێكم نییه كه كۆمه‌ڵه ئه‌و كوڕه‌ی منی رفاندووه و راده‌ستی كردووه.
باوكی ئه‌و پێشمه‌رگه‌یه، له به‌شێكی دیكه‌ی چاوپێكه‌وتنه‌كه‌یدا، ده‌ڵێت: كۆمه‌ڵه خۆی باش ئه‌وه ده‌زانێ كه من دوو ساڵ و نیو له گرتووخانه‌ی ئیتڵاعات بووم و تازه ئازاد كراوم، سێ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ماڵم له سنه رووخێندرا، ته‌نانه‌ت له هه‌موو خزمه‌تگوزارییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بێبه‌ش كراوم، ئیتر چ ترسم له ئیتڵاعات هه‌بێ؟ چیتر ماوه له‌گه‌ڵم بیكه‌ن، با بیكه‌ن، به‌ڵام داوا له حكوومه‌ت ده‌كه‌م و لێیان ده‌پاڕێمه‌وه سنوورێكیان بۆ دابنێت.