سەربەخۆییخوازانی سكۆتلەندا بڕیاری ریفراندۆمی دووەمی سەربەخۆیی دەدەن

توانیان 72 كورسی لە كۆی 129 كورسی پەرلەمانی ئەو وڵاتە به‌ده‌ستبهێنن
سەرۆك وەزیرانی سكۆتلەندا و ڕێبەری پارتی نیشتیمانی
سەرۆك وەزیرانی سكۆتلەندا و ڕێبەری پارتی نیشتیمانی

K24 – هه‌ولێر:

لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی سكۆتلەندادا بۆ جاری چوارەمین لەسەریەك، سەربەخۆییخوازان، بە ڕابەرایەتی پارتی نیشتیمانی سكۆتلەندی توانیان زۆرینەی كورسییەكان ببنەوە. لە پەیامی سەركەوتنیشدا سەرۆك وەزیرانی سكۆتلەندا و ڕێبەری پارتی نیشتیمانی دووپاتی كردەوە، كە دەبێت لەندەن بیسەلمێنێت كە باوەڕی بە دیموكراسی و دەنگی گەل هەیە و ڕێگریی لەبەردەم ڕیفراندۆمی دووەمی سەربەخۆییدا دروست نەكات.

جارێكی دیكە سەربەخۆییخوازان سەركەوتنەوە

لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی ڕۆژی پێنجشەممەدا، سەرەنجام جارێكی دیكە بەرەی سەربەخۆییخوازانی سكۆتلەندا توانیان سەركەوتن بەدەست بهێننەوە و زۆرینەی كورسییەكانی پەرلەمان به‌ده‌ستبهێنن.

پاش ڕاگەیاندنی ئەنجامە فەرمییەكان، سەربەخۆیخوازان بە ڕێبەرایەتی پارتی نیشتیمانی سكۆتلەندایی "Scottish National Party  (SNP" توانیان 72 كورسی لە كۆی 129 كورسی پەرلەمانی ئەو وڵاتە ببنەوە.

پارتی نیشتیمانی 64 كورسی بردووەتەوە، كە تەنها پێویستی بە یەك كورسی دیكە هەبوو بۆ ئەوەی زۆرینەی ڕەها مسۆگەر بكات. پێشتریش 63 كورسی لە پەرلەماندا هەبوو. هاوكات پارتی "سەوز"ـیش، كە حزبێكی سەربەخۆییخوازە 8 كورسی بردووەتەوە كە ئەمیش پێشتر خاوەنی 6 كورسی پەرلەمانیی بوو. لە كاتێكدای كە پارتی "ئەلبا" بە سەرۆكایەتی سەرۆك وەزیرانی پێشوو و ڕێبەری ڕیفراندۆمی یەكەمی سەربەخۆیی (ئەلێكس ساڵمەند) نەیتوانی هیچ كورسییەكی پەرلەمانیی بباتەوە.

بەم ئەنجامەش پارتی نیشتیمانی فەرمانڕەوای سەربەخۆییخواز كابینەی نوێی حكوومەت پێك دەهێنێتەوە.

سه‌ربه‌خۆییخوازه‌كان سه‌ركه‌وتن
سه‌ربه‌خۆییخوازه‌كان سه‌ركه‌وتن

بۆ سەرخستنی پرۆژەی ڕیفراندۆمی دووەمی سەربەخۆییش پێویستی تەنها بە یەك دەنگ هەیە، كە پارتی سەوز، لە پرۆژەی سەربەخۆییدا پشتگیریی دەكات. هەرچەندە بەگوێرەی سیستەمی هەڵبژاردنی سكۆتلەندا كە كار بە نوێنەرایەتی ڕێژەیی دەكات، دەنگە ماوەكان لەوانەیە پارتی نیشتیمانی بكاتە خاوەنی كورسییەكی دیكەش.

پارتی نیشتیمانی سكۆتلەندایی "(Scottish    National Party  (SNP"  لە ساڵی 1934ـەوە دروست بووە. ئامانجەكەی و دروشمەكەی تەنها سەربەخۆیی سكۆتلەندایە و پەیام و بەرنامەشیەتی بۆ هەموو هەڵبژاردنەكان. لەم هەڵبژاردنەشدا بەڵێنی داوە كە ئەگەر جارێكی دیكە سەركەوێتەوە ڕیفراندۆمی دووەمی سەربەخۆیی ئەنجام دەدات. پاش ئەوەی بەهۆی هەڕەشە و فشاری ئابووریی و سیاسیی حكوومەتی لەندەنەوە لە ساڵی 2014 و لە ڕیفراندۆمی یەكەمی سەربەخۆییدا، نەیتوانی زۆرینەی دەنگەكان بۆ سەربەخۆیی بباتەوە.

بڕیار لە ڕیفراندۆمی دووەمی سەربەخۆیی سكۆتلەندادا دەدرێت

لە وتاری سەركەوتندا سەرۆكی پارتی نیشتیمانی سكۆتلەندایی خاتوو (نیكۆڵا ستێرجن) ڕایگەیاند: " لێرە بەدوا دەبێت حكوومەتی لەندەن پێشان بدات و بیسەلمێنێت كە بە كردەوە نەك گوفتار باوەڕی بە دیموكراسی هەیە و ڕێز لە دەنگ و ویستی خەڵك دەگرێت. جارێكی دیكە خەڵكی سكۆتلاند متمانەیان بە پەیامێك بەخشیەوە كە بانگەشەی سەربەخۆیی و ڕیفراندۆمی دووەمی سەربەخۆیی دەكات. ئێمەش لە ئاستی ئەو متمانەیەداین و دەیخەینە پێشەوەی هەنگاوەكانی داهاتوومان. ئەگەریش لەندەن و سەرۆكوەزیرانەكەی دیموكراسی پێ قبوڵ ناكرێت با خۆی بۆ شەڕی دەستووریی و دادگاكان ئامادە بكات، چونكە ئێمە لە هەموو بارێكدا ڕیفراندۆم، بە پشتبەستن بە متمانەپێدانی دەنگدەرانی خۆمان، ئەنجام دەدەین."

هەروەها دووپاتیشی كردەوە كە " مادام زۆرینەی ڕەهای خەڵكی سكۆتلاند خۆیان دەنگ و متمانەیان بە سەربەخۆییخوازان بەخشیووە، ئیتر هیچ بەربەستێكی سیاسیی ناتوانێت ڕێگە لە بەدیهێنانی ویستی زۆرینەی خەڵكی ئەم وڵاتە دابنێت."

سەرۆك وەزیرانی سكۆتلەندا
سەرۆك وەزیرانی سكۆتلەندا

لەندەن دووپاتی دەكاتەوە: "ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی لەم كاتەدا سەركێشییە"

لە نامەیەكیدا بۆ سەرۆك وەزیرانی سكۆتلەندا، سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا (بۆریس جۆنسن) ڕایگەیاندووە ئەنجامەكان هیچ لەو ڕاستییە ناگۆڕن كە ئێمە هەموومان پێكەوە بەهێزترین. ئەزموونی سەركەوتنی بەسەر كۆرۆنادا پێشانی دەدات كە چەندە پێكەوە دەتوانین كاری گەورە بكەین. بۆیە پاش هەڵبژاردن و كابینەی نوێش ئێمە ئامادەین بەهەمان ڕۆحییەتەوە كار بكەین.

لەبارەی ڕیفراندۆمی دووەمی سەربەخۆییشەوە (جۆنسن) دووپاتی كردووەتەوە كە لە ساڵی 2014ـدا خەڵكی سكۆتلاند بڕیاری خۆیان داوە و دەیانەوێ لەگەڵ بەریتانیادا بمێننەوە. بۆیە هەر هەنگاوێك بۆ ڕیفراندۆمێكی دیكە سەركێشییە و هەستنەكردنیشە بە بەرپرسارێتی.

بەڵام (ستێرجن) لە وەڵامدا ڕایگەیاند: لە پێشەنگی كارەكانی حكوومەت و پەرلەمانی نوێدا پەسەندكردنی پلانی ڕیفراندۆمی دووەمی سەربەخۆیی دەبێت و تاكە بژاردەش لەبەردەم (جۆنسن)ـدا خۆ ئامادەكردنیەتی بۆ جەنگی دەستووریی، نەك هەڕەشەی سیاسیی و ئابووری.

رۆزا ساڵح، كە كچێكی خەڵكی شاری كەركووكی كوردستانە و كاندیدی سەرەكی پارتی نیشتیمانی بوو لە شاری
رۆزا ساڵح، كچێكی خەڵكی شاری كەركووكی كوردستانە و كاندیدی سەرەكی پارتی نیشتیمانی بوو 

كچە كوردەكە له‌ به‌دیهێنانی خه‌ونه‌كه‌ی نزیك كه‌وته‌وه‌

(رۆزا ساڵح)، كە كچێكی خەڵكی شاری كەركووكی كوردستانە و لە ساڵی 2001ـەوە لە سكۆتلەندادا نیشتەجێبووە، كاندیدی سەرەكی پارتی نیشتیمانی بوو لە شاری "گلاسگۆ"، بەڵام بە جیاوازییەكی كەم نەیتوانی بگاتە پەرلەمان. (رۆزا) لە ئەگەری سەركەوتنیدا دەبووە یەكەمین كورد كە بگاتە پەرلەمان و یەكەمین پەنابەریش لە مێژووی ئەو وڵاتەدا كە بتوانێ كورسی پەرلەمانیی بباتەوە.

(رۆزا) پاش سەرنەكەوتنی ڕایگەیاند، ئەم جارە من نەمتوانی بگەمە پەرلەمان، بەڵام پشتیوانێكی گەورەی بەرەی سەربەخۆییخوازانم. گرنگ ئەوەیە سەربەخۆییخوازان بردیانەوە و (بۆریس جۆنسن)ـیش بەمە زراوی چووە.