شه‌پۆلی خۆپیشاندانه‌كان چه‌ند پارێزگایه‌كی دیكه‌ی عێراقی گرته‌وه

K24- هه‌ولێر:
دوای ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ تیرۆركردنی چالاكوانێكی مه‌ده‌نی له شاری كه‌ربه‌لا خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵكی ئه‌و شاره‌ی به‌دوای خۆیدا هێنا و ئه‌مشه‌و هه‌ڵیانكوتایه سه‌ر بینایه‌ی كونسوڵخانه‌ی ئێران و هه‌وڵی سووتاندنی بینایه‌كه‌یاندا، خۆپیشاندان چه‌ند شارێكی دیكه‌ی باشووری عێراقی گرته‌وه، له‌وانه‌ش پارێزگاكانی بابل، دیوانیه، ناسریه و میسان و باسی ئه‌وه‌ش ده‌كرێت كه له به‌سره‌ش ئاماده‌كاری بۆ خۆپیشاندان ده‌كرێت.
به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی كوردستان24، وێڕای گرژییه‌كانی پارێزگای كه‌ربه‌لا، له شاری بابلیش خۆپیشانده‌ران و هێزه ئه‌منییه‌كان رووبه‌ڕووی یه‌ك بوونه‌وه، به‌ڵام تا ئێستا هیچ زانیارییه‌ك له‌باره‌ی زیانه‌كان رانه‌گه‌یه‌ندراون.
دوای ئه‌وه‌ی سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ چالاكوان و رێكخه‌ری دیاری خۆپیشاندانه‌كانی كه‌ربه‌لا، ئیهاب ئه‌لوه‌زنی له‌به‌رده‌م ماڵی خۆیان له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك چه‌كداری نه‌ناسراوه‌وه تیرۆر كرا‌و و له رێوڕه‌سمێكی جه‌ماوه‌ریدا به به‌شداری هه‌زاران كه‌س ته‌رمه‌كه‌ی به‌خاك سپێردرا، شه‌پۆلێكی ناڕه‌زایی و خۆپیشاندان شاره‌كه‌ی گرته‌وه.
هه‌ر له‌درێژه‌ی ئه‌و ناڕه‌زایه‌تییه‌دا ئه‌مشه‌و خۆپیشانده‌ران هه‌ڵیانكوتایه سه‌ر كونسوڵخانه‌ی ئێران له‌و پارێزگایه و له ده‌وروبه‌ری كونسوڵخانه‌كه ئاگریان له تایه‌ی ئۆتۆمبیل به‌ردا و هه‌وڵیاندا كونسوڵخانه‌كه بسووتێنن، به‌ڵام هێزه ئه‌منییه‌كان رووبه‌ڕووی خۆپیشانده‌ران بوونه‌وه و رێگه‌یان نه‌دا بگه‌نه ناو بینایه‌ی كونسوڵخانه‌كه.
گرژی و ئاڵۆزییه‌كانی نێوان خۆپیشانده‌ران و هێزه ئه‌منییه‌كان له پارێزگای بابل: