ئێران گفتوگۆی له‌گه‌ڵ سعودیه پشتڕاست كرده‌وه
K24 - هه‌ولێر:
سه‌عید خه‌تیبزاده، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه (10ی ئایار/ مایۆی 2021) بۆ یه‌كه‌مجار رایگه‌یاند، گفتوگۆی سعودیه و ئێران له‌ئارادایه.
خه‌تیبزاده ئاماژی به‌وه كرد، "گفتوگۆكانمان له‌گه‌ڵ سعودیه له‌سه‌ر په‌یوه‌ندی دوولایه‌نه و هه‌رێمایه‌تی بووه"، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، "له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌و گفتوگۆیانه به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان سه‌ركه‌وتووبووین، بۆیه چاوه‌ڕوانی ئه‌نجامی گفتوگۆكانمان ده‌كه‌ین، له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌نجامی گفتوگۆ بڕیار ده‌ده‌ین".
گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران جه‌ختی كرده‌وه، "په‌ره‌سه‌ندنی ناكۆكییه‌كان له ناوچه‌كه له به‌رژه‌وه‌ندی ئێران و سعودیه‌دا نییه"، روونیشكرده‌وه، "به هیواین له رێگه‌ی ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی دروستبوون، تێگه‌یشتنێكی ئامانجدار له په‌یوه‌ندی دوولایه‌نه و په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی هه‌رێمایه‌تی بنیات بنێین، بۆ ئه‌مه‌ش هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌ین".
چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق رایانگه‌یاند، له ماوه‌ی رابردوو به‌غدا زیاتر له گه‌ڕێكی گفتوگۆی له نێوان سعودیه و ئێران رێكخستووه.
د.ی