ئەمساڵ پێوەری زیرەک بۆ هەموو هاوبەشانی کارەبا دەبەسترێت

"تائێستا 633 هەزار پێوەری زیرەک بەستراوە"
بەستنی پێوەری زیرەک لەلایەن تیمەکانی وەزارەتی کارەبا - ئەرشیف
بەستنی پێوەری زیرەک لەلایەن تیمەکانی وەزارەتی کارەبا - ئەرشیف

K24 - هەولێر

بریکاری وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پڕۆژەی بەستنی پێوەری زیرەک بەردەوامە و تائێستا 633 هەزار پێوەری زیرەک بەستراوە و لە پلانیاندایە تا کۆتایی ئەمساڵ پڕۆژەی بەستنی پێوەری زیرەک تەواو بکەن.

کامل محەمەد، بریکاری وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند: "تائێستا 633 هەزار پێوەری زیرەک بەستراوە، هەندێک لە پێوەرەکان بەکارخراون، ئێستا ئەتوانین پسوڵەی پێ دەرکەین و ئەمپێرەکانی پێ زیاد و کەم بکەین، لە قۆناغی ئەوەین لە داتا سەنتەری خۆمان زانیارییەکان لە پێوەرەکان وەرگرین، کە ئیشی سەرەکی پێوەری زیرەک پێدان و دانەوەی داتایە لەگەڵ داتا سەنتەر".

گوتیشی: "جگە لەناو شارەکان ئێستا لە قەزا و ناحیەکانیش دەستمان بە بەستن و بەکارخستنی پێوەری زیرەک کردووە".

بریکاری وەزارەتی کارەبا، ئاماژەی بەوەشدا: "بەستنی پێوەری زیرەک رێگری لەدەستدانی ئەو کارەبایە دەكات، كە لە ئەنجامی سەرپێچی هاووڵاتییانەوە بەفیڕۆ دەچێت، چونکە بەشێک لە هاووڵاتییان بە شێوەی سەرپێچی هێڵی کارەبا رادەکێشن".

راشیگەیاند: "تائێستا زیاتر لە ملیۆنێک و 600 هەزار هاوبەشی کارەبامان هەیە، پێوەری کارەبا بۆ هەموو هاوبەشەکانی کارەبا دەبەسترێت، بەپێی پلانەکەمان تا کۆتایی ئەمساڵ پڕۆژەی بەستنی پێوەری زیرەک تەواو دەکەین".