هۆشداری لەبارەی قەیرانی ئاو لە عێراق دەدرێت
K24 - هەولێر
لیژنەی نەوت و وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی پەرلەمانی عێراق هۆشداری لە دەرهاویشتە نەرێنییەکانی كەمبوونەوەی ئاوی رووباری دیجلە و فورات دەدات.
سادق سلێتی، ئەندامی لیژنەی نەوت و وزە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، ئاوی رووبارەکانی دیجلە و فورات بە رێژەی 50٪ کەمیان کردووە و مەترسی هەیە کاریگەری نەرێنی لەسەر ئاوی خواردنەوە و کشتوکاڵ و بەگەڕخستنی وێستگەکانی کارەبا دروست بکات.
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەشدا " هەندێک سەرچاوەكانی ئاو کە دەڕژێنە نێو بەنداوی دەربەندیخان گەیشتووەتە سفر، هەروەها ئاوی زێی بچووک بە رێژەی 70٪ کەمیکردووە، ئەوانەش دەرهاویشتەی نەرێنییان لەسەر پێویستی ئاوی عێراق دەبێت بۆ خواردنەوە و ئاودێری، لە بەرامبەردا رێژەی ئاوی سوێر لە پارێزگای بەسرە زیاد دەکات".
راشیگەیاندووە، کەمبوونەوەی سەرچاوەکانی ئاو کاریگەری نەرێنی لەسەر دۆخی کارەبای عێراق دەبێت، چونکە وێستگە هەڵمییەکان پشتیان بە ئاوی رووبارەکان بەستووە و لە سیستمی ساردکردنەوە سوودیان لێوەردەگرن، ئاوێکی زۆریان پێویستە بۆ بەگەڕخستن، هەروەها ئەو وێستگانەی بە کارۆئاویش کاردەکەن، توانای بەرهەمهێنانیان کەم دەبێتەوە".