تیمی لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش پشتیوانیی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە گرنگ وەسف دەکات

"پڕۆژەیاسا پەسەندکراوەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی "مەسرور بارزانی" بۆ لێپێچینەوە و دادگاییکردنی چەکدارانی داعش گرنگە"
کەریم ئەحمەد خان، سەرۆکی تیمی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی لە تاوانەکانی داعش
کەریم ئەحمەد خان، سەرۆکی تیمی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی لە تاوانەکانی داعش

K24 - هه‌ولێر:

کەریم ئەحمەد خان، سەرۆکی تیمی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی لە تاوانەکانی داعش رایگەیاند، پڕۆژەیاسا پەسەندکراوەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی "مەسرور بارزانی" بۆ لێپێچینەوە و دادگاییکردنی چەکدارانی داعش گرنگە و "مه‌سرور بارزانی" پشتیوانییه‌كی زۆر باش بۆ تێپه‌ڕاندنی پڕۆژه‌یاساكه‌ ده‌كات. ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، ئەم هەنگاوە یارمەتیدەر دەبێت بۆ رێکخستنی دادگاییەکی دادپەروەرانە لەبارەی تاوانە نێودەڵەتییەکان.

ئەحمەد خان، سەرۆکی تیمی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی لە تاوانەکانی داعش ناسراو بە "یونیتاد"، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی "سی ئێن ئێن" روونیکرده‌وە، هیوادارن هەوڵی حکومەتەکان بۆ پێدانی زانیاریی و داتا، یارمەتیدەریان بێت بۆ ئەوەی بتوانن بەرگری لە مافی رزگاربووانی دەستی داعش بکەن.

کەریم ئەحمەد خان، لە پرۆگرامەکەی "کرستیان ئامانپور" رایگەیاند، "داعش" ئه‌و تاوانانه‌ی دژی ئێزدییه‌كان ئه‌نجامی داوه‌، "تاوانی كۆمه‌ڵكوژییه‌"، دیاریكردنی ئه‌و تاوانه‌ش، به‌پێی یاسا نوێده‌وڵه‌تییه‌كان دیاریده‌كرێت، كه‌ چه‌ندین به‌ڵگه‌ و لێكۆڵینه‌وه‌ له‌سه‌ر تاوانه‌كه‌ كۆكراوه‌ته‌وه‌ و به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی شایه‌دحاڵه‌كان ده‌یسه‌لمێنن.

كه‌ریم خان، چه‌ند جارێك له‌ چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ی گوتی: "داعش ده‌وڵه‌تێكی نا ئیسلامییه‌، بۆیه‌ گرنگی دادگایه‌كی تایبه‌تمه‌ند به‌تاوانه‌كانی داعش به‌ پێویست ده‌زانین، كه‌ له‌ ماوه‌ی چه‌ند ساڵی رابردوو ئه‌نجامیان داوه‌، ئه‌مه‌ش هه‌وڵێكی جددی ده‌وێت".

گوتیشی: "ئه‌وه‌ی له‌و كاره‌ زۆر گرنگه‌، لایه‌نه‌ یاساییه‌كه‌، تا ئێستا یاسایه‌كی تایبه‌تمه‌ند بۆ دادگاییكردنی تاوانه‌كانی داعش له‌ عێراق نییه‌، به‌ڵام پشتیوانییه‌كی زۆر باش له‌لایه‌ن "مه‌سرور بارزانی"، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌، بۆ تێپه‌ڕاندنی پڕۆژەیاساكه‌ و په‌سه‌ندكردنی، كه‌ بۆ لێپێچینەوە و دادگاییکردنی چەکدارانی داعش زۆر گرنگە و ئەم هەنگاوە یارمەتیدەر دەبێت بۆ رێکخستنی دادگاییەکی دادپەروەرانە لەبارەی تاوانە نێودەڵەتییەکان.

سه‌رچاوه‌: "شه‌رق ئه‌لئه‌وسه‌ت" و "سی ئێن ئێن"

د.ی